رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هیچ شتێک پاساو بۆ هێرشە بێباکانەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ناهێنێتەوە و داوا لە لایەنە کوردییەکان دەکات وریای "پیلانی ئاڵای ساختە" بن بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.
رۆژی دووشەممە، 17ی ئابی 2026، عەباس عێراقچی لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە: "هیچ شتێک پاساو بۆ هێرشە بێباکانەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران بارزانی ناهێنێتەوە. پێویستە دۆستانی کورد وریای ئەو پیلانە چەواشەکارانە (ئاڵای ساختە) بن کە ئامانجیان چاندنی تۆوی دووبەرەکییە لەنێوان دراوسێیەکاندا."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە مێژووی پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر کرد و گوتی: "ئێمە بەرگریمان لە دۆستانی کوردمان کرد لە دژی سەددام و داعش و سوپاسگوزاری ئەو ئاسایشەشین کە لەسەر سنوورەکانمان دابینیان کردووە."
ئەم هەڵوێستەی تاران لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی دژە تیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە "لە سنووری ئێرانەوە" ئاراستە کرابوون، نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنیان لە پیرمام کردە ئامانج.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند: "دوای لێکۆڵینەوەیەکی دژەتیرۆری کوردستان، دەرکەوتووە ئەمڕۆ نووسینگەی تایبەتم و ماڵی سەرۆکی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری بە هێرشی درۆنی ئێرانی کرانە ئامانج." سەرۆکوەزیران ئەمەی وەک "پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی راستەوخۆ" بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان وەسفکرد.
هێرشەکە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە رووداوی گوت: "بە روونی ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە. ئێمە سەرکۆنەی هێرشەکە بۆ سەر نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین."
هاوکات کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر رایگەیاند، بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکە دەکەن و داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانیان کرد.


