رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی رۆشنبیرانی نەتەوەیی کورد لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەو کارانە "رووی رەشی دوژمنان" زیاتر دەردەخات و "هێڵی سووریان تێپەڕاندووە".
دژەتیرۆری کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیان، بە گوێرەی زانیارییەکانیان، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە."
د. عەدنان ئەنوەر بەگ، سەرۆکی یەکێتیی رۆشنبیرانی نەتەوەیی کورد، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سیاسەتی هەرێمی کوردستان بە رابەرایەتیی سەرۆک بارزانی هەمیشە رۆن بووە و ویستوویەتی بەشێک نەبێت لە ململانێ و کێشمەکێشەکانی ناوچەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو هەوڵێکی بۆ راگرتنی هاوسەنگی و بەرقەرارکردنی ئاشتی داوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دووژمنانی کوردستان چاویان بە پێشکەوتنەکان هەڵنایەت و دەیانەوێت بە زۆر رامانبکێشنە ناو بازنەی ململانێکان، ئەوەش لە رێگەی بۆردوومانی بەردەوام بە بیانووی هەبوونی کۆنسووڵخانە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا."
سەرۆکی یەکێتیی رۆشنبیرانی نەتەوەیی کورد باس لەوە دەکات، لەو هێرشانەدا دەست لە ژێرخانی ئابووری و ماڵی هاووڵاتییان نەپارێزراوە و چەندین شەهید و برینداری لێکەوتووەتەوە.
لەبارەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی دەڵێت، "بەو کارەیان هیچ پاساوێکیان نەهێشتەوە و هێڵی سووریان تێپەڕاند."
ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتییەکە بە "تووندی پرۆتستۆی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات و رایدەگەیێنێت کە مافی هەرێمی کوردستانە رووبەڕووی ئەو هێرشە ناڕەوایانە ببێتەوە".
د. عەدنان ئەنوەر بەگ دەڵێت: "ئەوانەی هێرش دەکەن لە پەلەقاژەی مەرگدان و لە بەرژەوەندییان نییە دۆستەکانیان لەدەست بدەن، لەکاتێکدا هەمیشە دەڵێن ئێمە دۆستی ئێوەین."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، داوا لە حکومەتی فیدراڵ کراوە "سنوورێک بۆ ئەو دوژمنکارییانە دابنێت بەرامبەر هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق و بەزاندنی سەروەری وڵات، جەختیش دەکەنەوە، "لە پێناو خاک و سەروەری کوردستان گیانی خۆمان بەخت دەکەین و کوردستان هەمیشە بە سەربەرزی دەمێنێتەوە."


