رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایدەگەیێنێت، دەستپێشخەرییەکەیان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسیی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی "بەرپرسیارانە" و "نیشتمانی" بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی بە کردەیی وەڵامیان نەبووە. ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو جەخت دەکاتەوە، "تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە" و دەبێت هەنگاوی کرداری بنێن.
مستەفا عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە سەرەتادا "بە ئەرێنی پێشوازییان لە پرۆژەکە کرد"، بەڵام دواتر بەهۆی "وردەکاری و گرفتەکانی نێوان خۆیانەوە" هیچ هەنگاوێکی کردارییان نەناوە. ئەو گوتی: "هەریەکەیان ئەجێندایەکی هەیە بۆ خۆی و چاوەڕێی گۆڕانکارییەک دەکات. هەریەکەیان دەیەوێت پێگەی خۆی و دەسەڵاتی خۆی زیاتر زاڵ بکات."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو، نیگەرانیی خۆی لە مامەڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ قەیرانەکاندا نیشان دا و رایگەیاند: "ناکرێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئاوا مامەڵە لەگەڵ دەستپێشخەرییەکان، پێشهاتەکان و قەیرانەکان بکەن. کەی رۆژی ئەوەیە لەسەر پۆستێک یان دەسەڵات، ئاوا مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن؟"
سەبارەت بە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، مستەفا عەبدوڵڵا گوتی، یەکگرتوو بە فەرمی ئاگادار نەکراوەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو کۆبوونەوانە بۆ ئەوە بن کە "وردەکاری"ی نێوانیان یەکلایی بکەنەوە و دواتر بیبەنە کۆبوونەوەیەکی فراوانتر، ئەوا "هەوڵێکی باشە."
ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو هۆشداریی دا لە دەرهاوێشتەکانی بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا و گوتی، لاوازبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، نەبوونی مووچە و بودجە، قەیرانی سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەکان، هۆکارەکەی "پەرتەوازەیی، نەبوونی پەرلەمان و حکومەتێکی متمانەپێکراو و دابەشبوونە لەسەر دەسەڵات و پارە."
مستەفا عەبدوڵڵا، دەستپێشخەرییەکەی حیزبەکەی بە "سەرکەوتوو" ناو برد و گوتی: "ئێمە بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ کرد. ئەوەی لەسەر ئەوانە هەنگاوی کرداری بنێن. داوامان کرد لە ماوەی یەک مانگدا هەنگاوەکان دەست پێبکەن. تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە و دەبێت وەڵام بدەنەوە، چونکە بابەتەکە پەیوەستە بە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە."
جەختی کردەوە کە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەستبەرداری دەستپێشخەرییەکەیان نابن و چاوەڕێی وەڵامێکی کرداری لە پارتی و یەکێتی دەکەن بۆ دیاریکردنی رۆژێک بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان.


