رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی جەنگەوە تائێستا بە 982 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامدا 32 کەس شەهید بوون و 156 کەسیش بریندار بوونە.
تەنیا لەم مانگەدا بە 21 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، (10 درۆن و سێ مووشەک لە سنووری هەولێر و هەشت درۆنیش لە سنووری سلێمانی.)
هێرشەکانی ئەم مانگە:
- بەرەبەیانی 17ـی ئاب، بە دوو درۆن نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی لە قەزای پیرمام لە سنووری پارێزگای هەولێر کرایە ئامانج. دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، هێرشەکان زیانی گیانیان نەبووە.
- 14ـی ئاب کاژێر 02:17ـی بەرەبەیان، بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر هەولێر، دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، درۆنەکان تێکشکێندراون.
- 12ی ئاب، بە چوار درۆن هێرش کرایە سەر سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. هێرشەکان زیانی مادیان لێکەوتەوە.
- 11ی ئاب کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، بە سێ مووشەک لە دۆڵی ئالانە لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کراون و دوو برینداریان هەبووە.
- 8ـی ئاب، بە دوو درۆن هێرشی کرایە سەر بانەگەورە نزیک زڕگوێز لە سلێمانی.
- 8ـی ئاب، بە دوو درۆن هێرشی کرایە سەر کەمپی سوورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
- 01ـی ئاب، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، بە دوو درۆن هێرش کراوەتە سەر نزیک ئەشکەوتی جاسەنە لە سلێمانی.
- 02ـی ئاب، درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندرا.
- بەرەبەیانی 02ـی ئاب، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر نزیک تاسڵووجە لە سنووری سلێمانی.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، مانگی حەوت بە 88 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، 66 درۆن و دوو مووشەکیان لە پارێزگای هەولێر، هەروەها پارێزگای سلێمانی بە 10 مووشەک و نۆ درۆن هێرشی کراوەتە سەر و پارچەی مووشەکێک لە هەڵەبجە کەوتە خوارەوە. لە ئەنجامی هێرشەکانی مانگی حەوت دا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 15ـی دیکە بریندار بوون.
هەر بەگوێرەی ئامارەکان، مانگی شەش 16 هێرشی درۆنی و مووشەکی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، 12 یان لە سنووری هەولێر، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دوو هێرش و دووانەکەی دیکەش لە سنووری قەزای ئاکرێ بوو لە پارێزگای دهۆک.
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ 17ـی ئابی 2026، هەرێمی کوردستان بە 982 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر.
ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
- پارێزگای هەولێر: 676 هێرش
- پارێزگای سلێمانی: 272 هێرش
- پارێزگای دهۆک: 31 هێرش
- پارێزگای هەڵەبجە: 3 هێرش
زیانی گیانیی هێرشەکان
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە لەنێویاندا حەوت پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، کارمەندێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ژن و مێردێک کە لە ماڵەکەیاندا شەهیدکران؛ 19 پێشمەرگەی پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان، کوڕی پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان. دووانەکەی دیکەش سەربازێکی فەرەنسا و سەربازێکی ئەمریکا بوون لە هەولێر شەهید بوون.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 29 پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، سێ کەس لە بۆردوومانەکەی تاسڵوجە لە سلێمانی و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن و بریندارەکانی دیکەش پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.



