رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەو کارە نائەخلاقییە و هێرشە بۆ سەر ئیرادەی گەلی هەرێمی کوردستان و بەشێکی بنەڕەتیی دامەزراوەکانی عێراق.
رۆژی دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
مەزڵووم عەبدی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "هاوسۆزین لەگەڵ حکومەت و گەلی هەرێمی کوردستان و بە تووندی سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی نووسینگەی سەرۆکی حکومەت دەکەین."
هەروەها فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو هێرشانە کارێکی قبووڵنەکراون و ئاماژە بەوە دەکات: "ئەم بەئامانجگرتنە کارێکی قبووڵنەکراو و نائەخلاقییە، هەروەها هێرشە بۆ سەر ئیرادەی گەلی هەرێم و بەشێکی بنەڕەتیی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق."
پێشتریش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی ئاژانسی پاراستنیان کردە ئامانج." هەروەها دەڵێت: "ئەم هێرشانە بە تەواوی رەتکراوە و پەرەسەندنێکی مەترسیدارن."
هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر نووسینگەکەی رایگەیاند: "دوای لێکۆڵینەوەیەکی دژەتیرۆری کوردستان، دەرکەوتووە ئەمڕۆ نووسینگەی تایبەتم و ماڵی سەرۆکی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری بە هێرشی درۆنی ئێرانی کرانە ئامانج."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو "هێرشە بێباکانە و قبووڵنەکراوانە" دەکات و رایدەگەیێنێت: "ئەمە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان."
دژەتیرۆری کوردستان لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە."
دەشڵێت: "ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین و بەهیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین، تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە."
حەدید 110 خێراترین درۆنی ئێرانییە، خێراییەکەی دەگاتە 510 کم/کاژێر و بزوێنەرەکەی لە جۆری تۆربۆیە.
درۆنەکە دەتوانێت لە بەرزایی تاوەکو 9 کیلۆمەتر بۆ یەک کاژێر بفڕێ و 350 کم دوور بڕوات. هاوکات، 30 کگم تەقەمەنی هەڵدەگرێ و بۆ ئەوە دروستکراوە خێرا ئاسمانی لایەنی بەرامبەر ببڕێت پێش ئەوەی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بیدۆزنەوە.



