رووداو دیجیتاڵ
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییە دەکات کە کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و دەڵێ، ئەم جۆرە هێرشە ناڕەوایانە هیچ بیانوویەک هەڵناگرن.
رۆژی دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، بارەگای بارزانی راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکە بڵاوکردەوە و دەڵێ: "زۆر بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنییە دەکەین کە بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە لەودیو سنووری ئێرانەوە کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران و شوێنی حەوانەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، جەخت لە بێلایەنیی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە لە ململانێکانی ناوچەکە و ئاماژە بەوە کراوە: "هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک بەشێک نەبووە لەم شەڕ و گرژییانەی لە ناوچەکەدا هەیە، ئەم جۆرە هێرشە ناڕەوایانە کە هیچ بیانوویەک هەڵناگرن، هەوڵدانە بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان."
لە کۆتاییدا بارەگای بارزانی هۆشداری دەدات و دووپاتی دەکاتەوە کە: "بە دڵنیاییەوە بەکارهێنانی درۆن و مووشەک چارەسەری کێشەکان ناکات."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر نووسینگەکەی رایگەیاند: "دوای لێکۆڵینەوەیەکی دژەتیرۆری کوردستان، دەرکەوتووە ئەمڕۆ نووسینگەی تایبەتم و ماڵی سەرۆکی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری بە هێرشی درۆنی ئێرانی کرانە ئامانج."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو "هێرشە بێباکانە و قبووڵنەکراوانە" دەکات و رایدەگەیێنێت: "ئەمە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان."
پێشتریش دژەتیرۆری کوردستان لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە."
دەشڵێت: "ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین و بەهیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین، تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە."
حەدید 110 خێراترین درۆنی ئێرانییە، خێراییەکەی دەگاتە 510 کم/کاژێر و بزوێنەرەکەی لە جۆری تۆربۆیە.
درۆنەکە دەتوانێت لە بەرزایی تاوەکو 9 کیلۆمەتر بۆ یەک کاژێر بفڕێ و 350 کم دوور بڕوات. هاوکات، 30 کگم تەقەمەنی هەڵدەگرێ و بۆ ئەوە دروستکراوە خێرا ئاسمانی لایەنی بەرامبەر ببڕێت پێش ئەوەی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بیدۆزنەوە.



