رووداو دیجیتاڵ
نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا کاروباری کارگێڕی لە چوارچێوەیەکی ئاساییـدا بەڕێوەدەچێت و سەرنجی سەرەکی خراوەتە سەر تەواوکردنی پرۆسەی یەکخستن و کاراکردنی دامەزراوەکان. پارێزگار جەختی لەوە کردەوە کە زۆربەی هەنگاوە سەرەتاییەکان تەواو بوون و کارەکانیش ئەرێنی بەڕێوەدەچن.
پارێزگاری حەسەکە ئاشکرای کرد کە گرنگترین ئەو دۆسیە بەجێماوانەی ئێستا کاریان لەسەر دەکرێ بریتین لە:
•گەڕانەوەی ئاوارەکان.
•دۆسیەی زمان و پرۆگرامی خوێندن.
•کاراکردنی سیستمی دادوەری.
•دانان و دامەزراندنی تایبەت بە شارۆچکە و شارەوانییەکان.
پارێزگار ئاماژەی بەوەش کرد، پرسەکانی دیکەی کە هێشتا تەواو نەکراون، وەک شتێکی مسۆگەر سەیر دەکرێن، ئەویش دوای تەواوکردنی هەنگاوە بنەڕەتییەکانی ئامادەکاری و بەدەستهێنانی پێشکەوتنی ئەرێنی لەو خاڵانەی ئاماژەیان پێدراوە.
سەبارەت بە کەرتی کشتوکاڵ و جووتیارانی حەسەکە، بەتایبەتی میکانیزمی دابەشکردنی پارەی گەنم بە قیست، پارێزگاری حەسەکە بۆ رووداو روونی کردەوە کە ئەوان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە و گوتی: "ئێستا ئێمە گوشار دەکەین بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی جووتیاران بدرێ."



