رووداو دیجیتاڵ
دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیران و شوێنی حەوانەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن کران.
دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند: بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە."
دەشڵێت: "ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین و بەهیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین، تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە."
حەدید 110 خێراترین درۆنی ئێرانییە، خێراییەکەی دەگاتە 510 کم/کاژێر و بزوێنەرەکەی لە جۆری تۆربۆیە.
درۆنەکە دەتوانێت لە بەرزایی تاوەکو 9 کیلۆمەتر بۆ یەک کاژێر بفڕێ و 350 کم دوور بڕوات. هاوکات، 30 کگم تەقەمەنی هەڵدەگرێ و بۆ ئەوە دروستکراوە خێرا ئاسمانی لایەنی بەرامبەر ببڕێت پێش ئەوەی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بیدۆزنەوە.
بۆ بەئامانجکردنی ئەمانە دروست کراوە: رادار، پێگە هەستیارەکان، ناوەندی فەرماندەیی و ژێرخانی گرنگ.
یەکەم جار کە سوپای پاسداران بەکاریهێنا لە ئاداری 2026 لە جەنگی بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا بوو.
ئێران بە فەرمی تێچووەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام مەزەندە دەکرێ 20 هەزار بۆ 50 هەزار دۆلاردا بێت.


