رووداو دیجیتاڵ
پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی بازرگانی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک، بە شێوەیەکی فراوان لە هەموو شار و شارۆچکەکان دەستیپێکردووە. بەرپرسانی نەوت و کارگێڕی دەڵێن، تەنیا بۆ سبەی نزیکەی 2.7 ملیۆن لیتر بەنزین دەگاتە شارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان.
لە هەولێر 1.8 ملیۆن لیتر بەنزین دابەش دەکرێت
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر شەممە 15-08-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە 50 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەش کرا. بۆ سبەی یەکشەممە، 33 تانکەر بەنزینمان بۆ دێت کە بڕەکەی دەگاتە یەک ملیۆن و 188 هەزار لیتر."
قایمقامی هەولێر گوتی: "ئەم بڕیارەی حکومەت کاریگەریی زۆر خێرای لەسەر کێشەی بەنزین هەبوو؛ بەم هەنگاوە کێشەی بەنزین بە یەکجاری چارەسەر دەبێت."
هاوکات لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تەنیا ئەمڕۆ 216 هەزار لیتر گەیشتووە و سبەی بۆ 300 هەزار لیتر زیاد دەکرێت. بە گوتەی نەبەز عەبدولحەمید، لەو بڕەی سبەی بڕیارە بگات پشکی سۆرانیشی تێدایە.
پشکی دهۆک زیاد دەکرێت
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ 27 تانکەرمان بۆ هاتووە کە دەکاتە 950 هەزار لیتر. رۆژانە ئەم بڕە زیاد دەکرێت و بەمەش هیچ کێشەیەک لە سنوورەکە نامێنێت."
لە سلێمانی 13 تانکەر بەنزین دابەش دەکرێت
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەنزینی پاڵپشتیکراو ئەم ئێوارەیە گەیشتووەتە تەواوی قەزا و ناحیەکان. محەممەد حەسیب، بەڕێوەبەری دابەشکردنی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە 13 بەنزینخانە بەنزینی پاڵپشتیکراوی بازرگانی دابەشکراوە، سبەی ژمارەی بەنزینخانەکان زیاد دەکەن.
بەپێی بەدواداچوونی نزار جەزا، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی: "رۆژانە 13 تانکەر سووتەمەنی بۆ پارێزگای سلێمانی دابینکراوە، کە هەر تانکەرێک 36 هەزار لیترە، واتە 480 هەزار لیتر، کە لە 13 بەنزینخانە بەنزینی پاڵپشتیکراو بە 750 دینار بە شێوەی 24 کاژێری دابەش دەکرێت."
لە ئیدارەی راپەڕینیش، دڵشاد ساڵح، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ناوچەکە رایگەیاند، پارەی کۆمپانیاکان دراوە و سبەی بەنزین دەگاتە قەڵادزێ، رانیە و حاجیاوا.
لە هەڵەبجە 72 هەزار لیتر بەنزین دابەش دەکرێت
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ یەک تانکەر بەنزینی پاڵپشتیکراومان بۆ هات کە 36 هەزار لیترە، دانەیەکی دیکەشیان ئێوارەی ئەمڕۆ درەنگ گەیشتووە."
سەبارەت بە پلانی رۆژانی داهاتوو بۆ دابینکردنی سووتەمەنی، قایمقامی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد، کە بڕیارە لە سبەیەوە بڕی بەنزینەکە زیاد بکرێت و رۆژانە دوو تانکەر بەنزینیان بۆ رەوانە بکرێت.
سمکۆ سالار گوتی: "ئەم بڕیارە زۆر زۆر باشە و دەبێتە هۆی ئەوەی نزیکەی 80%ـی کێشەی بەنزین لە هەڵەبجە چارەسەر ببێت."
سبەی چەند لیتر بەنزین دابەش دەکرێت؟
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، بڕیارە سبەی لە هەولێر یەک ملیۆن و 188 هەزار لیتر بەنزینی بازرگانی دابەش بکرێت. لە دهۆک نزیکەی یەک ملیۆن لیتر، لە سلێمانی 480 هەزار لیتر و لە هەڵەبجەش 72 هەزار لیتر. واتە کۆی گشتی 2,690,000 لیتر بەنزینی بازرگانی بە نرخی پاڵپشتیکراو و لیتری بە 750 دینار دابەش دەکرێت.
لە 6ـی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە و رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخ بەرزبووەوە و گەیشتە هەزار و 50 دینار، لە دوای ئەو رێکەوتەوە بەنزین رۆژ بە رۆژ نرخی بەرزتر بووەوە، پێش 6ـی حوزەیران، لە هەرێمی کوردستان نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە نێوان 850 بۆ 900 دینار بوو.
بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، 20ـی تەممووز وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نابێت نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لیتری بە 850 دینار زیاتر بفرۆشرێت. رۆژێک دواتریش نرخی بەنزینی موحەسسەنی بە هەزار دینار و سوپەری بە 1200 دینار دیاری کرد، بەڵام جێبەجێ نەکرا و دوای چەند رۆژێک لە کەمیی بەنزین، 28ـی تەممووز بازاڕ ئازاد کرا، ئێستا لە تابلۆی نرخی بەنزینخانەکان چەندین نرخی جیاواز دەبینیت.



