رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی مەحموود سەیف قازی دەکات و رایدەگەیێنێت، بنەماڵەی سەیف قازی بە مێژووی پڕ لە سەروەری و قوربانیدانیان هەمیشە جێگەی رێز و پێزانینی گەلی کوردستانن.
رۆژی شەممە، 15ـی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی مەحموود سەیف قازی، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و کوڕی شەهید ژەنەراڵ محەممەد حوسێن خانی سەیف قازی، وەزیری جەنگ لە حکومەتی کۆماری کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "پرسە و هاوخەمیی قووڵم ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و تەواوی کەسوکاریان دەکەم."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە پێگە و مێژووی ئەو بنەماڵەیە دەکات و دەڵێت: "بنەماڵەی تێکۆشەری سەیف قازی بە مێژووی پڕ لە سەروەری و قوربانیدان و تێکۆشانیان لەپێناو ئازادیی کورد و کوردستاندا، هەمیشە جێگەی رێز و پێزانینی زۆری گەلی کوردستانن."
دەقی راگەیێندراوەکە
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی مەحموود سەیف قازی دەکات
بۆ کۆچی دواییی خوالێخۆشبوو مەحموود سەیف قازی، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و کوڕی شەهید ژەنەراڵ محەممەد حوسێن خانی سەیف قازی، وەزیری جەنگ لە حکوومەتی کۆماری کوردستان، پرسە و هاوخەمیی قووڵم ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و تەواوی کەسوکاریان دەکەم.
بنەماڵەی تێکۆشەری سەیف قازی بە مێژووی پڕ لە سەروەری و قوربانیدان و تێکۆشانيان لەپێناو ئازاديی کورد و کوردستاندا، هەمیشە جێگەی ڕێز و پێزانینی زۆری گەلی کوردستانن.
لە خوای مەزن داواکارم گیانی خوالێخۆشبوو بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنەوايی بە ھەمووان ببەخشێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان


