رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵێک ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە داوا دەکەن دەرماڵەی بڕوانامەیان بۆ هەژمار بکرێت و رایدەگەیێنن، ئەوان تەنیا وەزارەتن کە تاوەکو ئێستا لەو مافە بێبەشن. بەرپرسێکی خانەنشینیش دەڵێت: "لە کاتی خانەنشینیدا بۆیان هەژمار دەکرێت، بەڵام لە کاتی ئەرکدا، داوامان کردووە کە ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، بەڵام دەڵێن کە کێشەی بودجە هەیە."
رۆژی شەممە، 15ـی ئابی 2026، کۆمەڵێک لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند: "ئێمە وەک ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە تەنیا وەزارەتین کە تاوەکو ئێستا دەرماڵەی بڕوانامەمان بۆ هەژمار ناکرێت. ئێستا کە مووچە خراوەتە سەر عێراق، پێناچێت پێویستی بە تەرخانکردنی داراییەکی زۆر هەبێت و داوا دەکەین ئەم بابەتە بجووڵێندرێت."
لەسەر هەمان پرس، فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کاتی خانەنشینیی پێشمەرگەدا دەرماڵەی بڕوانامەیان بۆ هەژمار دەکرێت، بەڵام لە کاتی ئەرکدا بۆیان هەژمار ناکرێت."
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد، چەندین جار بە نووسراو و لە کۆبوونەوەکاندا داوایان کردووە کە پێویستە ئەو دەرماڵەیە بۆ پێشمەرگەش هەژمار بکرێت، بەڵام وەک ئەو دەڵێت: "دەڵێن بودجەی پێویست نییە."
فەتحوڵڵا عومەر دەڵێت، لە عێراق ئەو دەرماڵەیە هەژمار دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە. گوتیشی: "هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەم دەرماڵەیە بۆ پێشمەرگەکان لە کاتی ئەرکیشدا هەژمار بکرێت و کێشەکە چارەسەر ببێت."



