رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان قەیرانی دارایی و کەمیی نەختینە کاریگەرییەکی تووندی کردووەتە سەر کاری بەڵێندەران. زیرەک دۆسکی، سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان ئاشکرای کرد، حکومەت بە سەدان ملیۆن دۆلار قەرزاری بەڵێندەرانە و بەو هۆیەوە چەندین پرۆژە راوەستاون.
زیرەک دۆسکی، سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بۆڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، سەبارەت بە وردەکاریی قەرزەکانی حکومەت راگەیاند، قەرزی بەڵێندەرانی دهۆک کە لە ساڵی 2014ـەوە ماوەتەوە، لە نێوان 185 بۆ 190 ملیۆن دۆلارە. لە پرۆژەکانی پەرەپێدانیشدا حکومەت نزیکەی 60 بۆ 70 ملیار دینار قەرزارە.
زیرەک دۆسکی سەبارەت بە قەرزەکانی پترۆدۆلاریش گوتی: "قەرزی پترۆدۆلار لەسەر حکومەت نزیکەی 45 بۆ 48 ملیۆن دۆلارە. پێشتر بڕیار درابوو ئەم قەرزانە بکرێن بە 'چەک'ـی بانکی، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم هەنگاوە نەنراوە و ئێمە چاوەڕێی ئەنجامەکەین."
لە دهۆک 30 پرۆژە بە تەواوی وەستاون
بەڕێوەبەری لقی دهۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان تیشکی خستە سەر دۆخی پرۆژەکانی پارێزگاکە و گوتی: "لە دهۆک نزیکەی 30 پرۆژە هەن کە بەهۆی نەدانی پارەوە بە تەواوی نیوەچڵ ماونەتەوە و تەواو نەکراون. هەروەها زیاتر لە 100 بەڵێندەر هەن، کە قەرزەکانی ساڵانی رابردوویان لای حکوومەتە و خەرج نەکراوە."
زیرەک دۆسکی ئاشکراشی کرد، ئێستا نزیکەی 50 بۆ 60 بەڵێندەر لە بارودۆخێکی سەختدا کار دەکەن و هەوڵدەدەن پرۆژەکانیان بەردەوام بن، سەرەڕای ئەوەی حکومەت ناتوانێت شایستە داراییەکانیان لە کاتی خۆیدا بدات.
بە گوتەی بەڵێندەران، گەورەترین کێشەی ئێستا کەمیی نەختینەیە لە بانکەکاندا. زیرەک دۆسکی رایگەیاند، حکومەت دەڵێت پارە نییە و بەو هۆیەوە پێدانی شایستەی دارایی بەڵێندەران دواخراوە.
رزگار جەمال، سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان پێشتر رایگەیاندبوو، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 3400 پرۆژە بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە بە نیوەچڵی ماونەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی حکومەت بۆ هەندێک پرۆژەی ستراتیژی داوای لە بەڵێندەران کردبوو دەست بە کار بکەنەوە، بەڵام بەهۆی نەدانی شایستە داراییەکان، چەندین کۆمپانیا ناچار بوون دووبارە کارەکانیان رابگرنەوە.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار قەرزی پرۆژە نوێیەکانی ساڵی 2023 لەسەر حکومەت ماوەتەوە، کە ئەمەش باری بەڵێندەرانی قورستر کردووە.


