گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکان لەپشت ئەو هێرشە درۆنییەوە نەبوون کە بەرەبەیانی هەینی کرایەسەر شاری هەولێر. هەروەها رایگەیاند، "نیمچە رێککەوتنێک" هەیە بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکان و دواخستنی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی سعودیە.
کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەد بە هێڤیدار ئەحمەد، رۆژنامەڤانی بنکۆڵکاری رووداوی گوت: "ئێستا نیمچە رێککەوتنێک هەیە کە نابێت هیچ ئۆپەراسیۆن و هێرشێک بکرێن و وەڵامدانەوەی هێرشەکانی سعودیەش دوادەخرێت."
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا یەکێکە لە گرووپەکانی سەر بە موقاوەمەی عێراق، کە ئێران پاڵپشتیان دەکات.
سەبارەت بەو هێرشەی بەرەبەیانیی رۆژی هەینی بە سێ درۆن کرایە سەر شاری هەولێر، فەرتووسی گوتی: "ئەو هێرشە، لەلایەن گرووپەکانی ئێمەوە نەبووە."
رۆژی هەینی، 14ـی ئابی 2026، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاندبوو، کاژێر 02:17 تاوەکو 02:25ـی بەرەبەیانی ئەو رۆژە، هێزەکانی هاوپەیمانان سێ درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاندووە.
بەرپرسێکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، بە سیستمی بەرگریی دیکەی جیا لە سیڕام و پاتریۆت درۆنەکان خراونەتە خوارەوە.
بۆچی ئەمریکا و سعودیە هێرشیان کرد؟
قسەکانی فەرتووسی لە کاتێکدان کە کۆتایی مانگی تەممووزی 2026، هێزەکانی ئەمریکا و سعودیە بە هاوبەشی چەند پێگەیەکی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان لە چەند پارێزگایەکی عێراق بۆردوومان کرد.
ریاز و واشنتن رایانگەیاندبوو، ئەوە وەڵامێکە بۆ ئەو هێرشە درۆنییانەی کە لەنێو خاکی عێراقەوە کراونەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکان و ئامانجەکانی دیکەی سعودیە. حکومەتی فیدڕالیی عێراق رایگەیاند، لەو هێرشانەی ئەمریکا و سعودیەدا 20 چەکدار کوژران و 32ی دیکە بریندار بوون.
هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە
لە کاردانەوەی ئەو هێرشانەدا، گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە خۆیان بە (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) دەناسێنن، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە ئەمریکا و سعودیە کرد، بەڵام سەرکردە سیاسییەکان، بەتایبەتی هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر، داوایان کرد پەلە نەکەن و دەرفەت بدەنە دیپلۆماسی بۆ ئەوەی داوای قەرەبوو لە سعودیە بکەن. دواتریش مقاوەمە رایگەیاند، وەڵامدانەوەکەیان دواخستووە.
فەرتووسی جەختی کردەوە، هێرشەکانیان کە بەنیاز بوون بیکەنە سەر سعودیە، بە تەواوی نەوەستێنراون، بەڵکو "سڕکراون"، بەو واتەیەی بە شێوەیەکی کاتی راگیراون.
هێرشەکانی سەر هەولێر
لە چەند مانگی رابردوودا، هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان چەندین جار رووبەڕووی هەڕەشەی درۆن و مووشەک بووەتەوە، کە زۆرجار پەیوەندییان بە ململانێکانی ئەمریکا و ئێرانەوە هەیە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 1ی ئابەوە، هەرێمی کوردستان بە 16 درۆن و سێ مووشەک کراوتە ئامانج، هەشت درۆن و سێ مووشەک بۆ سنووری پارێزگای هەولێر بووە و سنووری سلێمانیش بە هەشت درۆن هێرشی کراوەتە سەر.
لە کۆی هێرشەکانی ئەم مانگەدا، 11ی ئاب کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، بە سێ مووشەک لە دۆڵی ئالانە لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کراون و دوو پێشمەرگەیان بریندار بوون، بەڵام تەندروستیان باشە.
لەوەتەی لە 28ـی شوباتەوە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستی پێکردووە، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 965 مووشەک و درۆن هێرشی کراوەتە سەر، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 154 کەسیش بریندار بوون، لەنێو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە 19 پێشمەرگەی پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان هەن.
کەتائیبی سەیدولشوهەدا، کە ئەمریکا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆڵێنی کردووە و بەشێکە لە پێکهاتەی حەشدی شەعبی، پێشتریش رەتیکردووەتەوە دەستی لە هەندێک هێرشی سەر هەولێردا هەبووبێت، بەڵام هەمیشە دەڵێت هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق "ئامانجی رەوان" و رەتیشدەکاتەوە بەتەواوی چەک بکرێن.
لەلایەکی دیکەشەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکەن و داوای لێکۆڵینەوە دەکەن، هاوکات جەخت لەوە دەکەنەوە کە نابێت خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت.



