رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵێکی مهاباد نۆ کەس بریندار بوون کە سێ کەسیان لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەن.
رۆژی شەممە، 15ـی ئابی 2026، هاونیشتمانییەک لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "لە گەڕەکی باخی سیسەی مهاباد ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە."
هاونیشتمانییەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئاگرەکە لەنێو ماڵەکە کەوتووەتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە زوو ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام کاتێک تیمەکە دەچنە گەراجی ماڵەکە بۆ دڵنیابوونەوە لە کوژانەوەی ئاگرەکە، لەو شوێنەدا بەنزین هەبووە کە وایکردووە دووبارە ئاگر بکەوێتەوە و لە ئەنجامیشدا نۆ کەس بریندار بوون.
هاونیشتمانییەکە گوتیشی، سێ لەو کەسانەی بریندار بوون لە تیمی ئاگرکوژێنەوەن.
بەشێک لە بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.



