رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی تورکیا 46 هەزار و 490 مینی نەتەقیوی لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان دۆزیوەتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کارەکانی تایبەت بە هەڵگرتنەوەی مین لەو ناوچانە بەردەوامن.
رووپێوکردنی زەوییە بە مین چێندراوەکانی جۆلەمێرگ
پارێزگای جۆلەمێرگ نزیکەی 54.1 ملیۆن مەتر چوارگۆشە زەویی بە مین چێندراوی هەیە، یان ئەو زەوییانەی کە گومانیان لێ دەکرێت تەقەمەنی نەتەقیوەی تێدا بێت.
پرۆگرامی هەڵگرتنەوەی مین لە لایەن (دەستەی نیشتمانیی تورکیا بۆ چالاکییەکانی مین) بەڕێوەدەبرێ، کە ساڵی رابردوو دەستی بە کارەکانی لە ناوچەکەدا کرد. هاوکات فەرماندەیی گشتیی جەندەرمەش کارمەندی پێویستی بۆ دابین کردوون.
دوای باشتربوونی دۆخی ئەمنی، تیمەکان دەستیان بە هەڵگرتنەوەی مینەکان و تەقەمەنییە نەتەقیوەکانی ئەو ناوچانە کرد. ئەو مینانەی لە کاتی پرۆسەکەدا دەدۆزرێنەوە بەپێی پرۆگرامێکی رێکخراو لادەبرێن.
پەسندکردنی پڕۆژەیاسای پرۆسەی چارەسەری و وەستانی جەنگ
ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدان، پەرلەمانی تورکیا رۆژی دووشەممەی رابردوو، پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە چەکدانانی گەریلاکانی پەکەکەی پەسندکرد.
ئەمەش بەرچاوترین هەنگاوە لە دەستپێشخەری ئاشتی و دانوستاندنەکان کە دوای ئەوە دەستیانپێکرد کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە شوباتی 2025دا داوای لە پارتەکەی کرد چەک دابنێن و هەڵبووەشێنەوە.
پەکەکە لە ئایاری 2025دا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند، بەڵام ئەم یاسایە باسی داواکارییە بەرفراوانەکانی کورد بۆ مافە سیاسی و کولتوورییەکان یان دۆخی ئۆجەلان ناکات.
بەکارهێنانی زەوییەکان بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری
ئەو زەوییانەی کە پرۆسەی پاککردنەوەی مین تێیاندا تەواو بووە، دوای پشکنینی سەلامەتی بۆ بەکارهێنانی گشتی دەکرێنەوە. بەرپرسان چاوەڕوانن کە ناوچە پاککراوەکان ببنە پاڵپشت بۆ کەرتی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و چالاکییە ئابوورییەکانی دیکە لەو گوندانەی کە پێشتر زیانیان بەرکەوتووە.
ئیبراهیم تاشیاپان، پارێزگاری جۆلەمێرگ، رۆژی پێنجشەممە کارەکانی پاککردنەوەی مینی لە چەلێ بەسەرکردەوە و زانیاریی پێویستی لەو بەرپرسانەوە وەرگرت کە سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکەن.
تاشیاپان رایگەیاند کە ئەم کارانە رێگە بە دانیشتووان دەدەن زەوییەکانی خۆیان بەکاربهێننەوە و گوتیشی: "ئێمە هێدی هێدی ناوچە بە مین چێندراوەکان بە سەلامەتی پاک دەکەینەوە و بۆ بەکارهێنان دەیانکەینەوە. ئەمەش رێگە بە هاووڵاتیانمان دەدات بە سەلامەتی چالاکییەکانیان لەسەر زەوییەکانی خۆیان و لە گوندەکانیاندا ئەنجام بدەن."



