رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای شاهینبێی سەر بە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان، چوار کەس بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر کچێکی تەمەن 23 ساڵ کە کەڕوڵاڵە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
رووداوەکە رۆژی هەینی، 14ـی ئابی 2026، لە گەڕەکی (جەنگیز تۆپەل) روویدا، کاتێک کچێک بە ناوی (س.پ) بۆ کڕینی پێداویستی، لە ماڵەکەی چووە دەرەوە بەرەو دووکانی گەڕەک، بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر نەگەڕایەوە.
خێزانەکەی لە دۆزینەوەی کچەکەیان نائومێد بوون و هەر بۆیە پۆلیسیان لە ونبوونی کچەکەیان ئاگادار کردەوە.
تیمەکانی پۆلیس دوای چەند کاژێرێک کچەکەیان لە گەڕەکی (وەتەن) دۆزییەوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، کچەکە لە رێگەی ئاماژەوە بە خێزانەکەی و پۆلیسی راگەیاندووە کە لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە خراوەتە نێو ئۆتۆمبێلێک و بردوویانە و دەستدرێژییان کردووەتە سەر.
هێزەکانی پۆلیسی دیلۆک لە ئۆپەراسیۆنێکدا چوار گومانلێکراویان بە ناوەکانی (م.ش.ئە) تەمەن 25 ساڵ، (م.ت) تەمەن 27 ساڵ، (س.ب) تەمەن 28 ساڵ و (ف.ر) تەمەن 17 ساڵ، بە تۆمەتی پەیوەندییان بەو تاوانەوە دەستگیرکرد.
دوای دەستگیرکردنیان، کەسوکاری کچەکە و بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە بۆ گەیشتنیان بە گومانلێکراوەکان، هەڵیانکوتایە سەر بنکەی پۆلیس و دوای گرژییەکی زۆر، هێزەکانی جەندرمە توانییان قەرەباڵغییەکە بڵاوەپێبکەن و رێوشوێنی ئەمنییان گرتە بەر بۆ پاراستنی گیانی گومانلێکراوەکان.
لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە و گوتەی تۆمەتباران بەردەوامە و بڕیارە دۆسیەکە رەوانەی دادگا بکرێت.


