رووداو - دیجیتاڵ
سیپان حەمۆ، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا و فەرماندەی پێشووی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە لیستی سووری داواکراوانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەرهێنرا. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی بەرگریی سووریا زانیارییەکانی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە.
سیپان حەمۆ دوای واژۆکردنی رێککەوتننامەی نێوان هەسەدە و دیمەشق لە 29ی کانوونی دووەمی 2026، لە مانگی ئاداری رابردوودا وەک یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا دەستنیشانکرا.
سیپان حەمۆ، کە ناوی راستەقینەی (سەمیر ئۆسۆ)یە، پێشتر بەو ناوە لە لیستی سووری داواکراوانی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا داواکراو بوو. خەڵاتی دەستگیرکردنەکەشی 20 ملیۆن لیرەی تورکی (417 هەزار دۆلار) بوو.
رۆژی هەینی 14-8-2026 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا بە رووداوی راگەیاند: "ماوەیەک لەمەوبەر لایەنی تورکی پێیان راگەیاندین کە ناوی سیپان حەمۆ لە لیستی داواکراوان دەرهێندراوە."
دەرهێنانی ناوی سیپان حەمۆ لەو لیستە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە تێروانینی پەیوەندییە سیاسییەکان تورکیا لە پرسی کورد و داهاتووی سووریا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا سیستمی لیستی داواکراوانی هەیە کە بەپێی ئاستی مەترسی بە رەنگەکانی سوور، پرتەقاڵی، زەرد و خۆڵەمێشی پۆلێن دەکرێن.
سیپان حەمۆ وەک فەرماندەیەکی دیاری هەسەدە لە لیستی سووردا بوو، بەڵام دوای رێککەوتنی ئەمنی و تێکەڵبوونەوەی هەسەدە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سووریا، گۆڕانکاری لە دۆسیە یاسایی و ئەمنییەکەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەنقەرەوە ناوی لە لیستەکە لادراوە.

.jpg&w=3840&q=75)