رووداو دیجیتاڵ
لە ناوەندی پارێزگای ئیلام دیوارێکی کۆن بەسەر منداڵێکدا رووخا؛ بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە دەڵێت، سەرەڕای هەوڵی تیمەکانیان، منداڵەکە بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەستداوە.
رووداوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-08-2026، لە گەڕەکی بانبەرزی ناوەندی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە. مەهدی شەعبانی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای ئیلام رایگەیاند، دیوارێکی کۆن کە پێشتریش مەترسیی رووخانی لەسەر بوو، بەسەر منداڵێکی تەمەن 13 ساڵاندا رووخاوە.
بەگوتەی مەهدی شەعبانی، دوای دەرهێنانی منداڵەکە لەژێر داروپەردوو و وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، بەڵام سەرەڕای هەوڵی تیمەکانیان، بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە، گیانی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای ئیلام ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە خێزانەکان ئاگاداری سەلامەتیی باڵەخانەکانیان بن و ئەگەر دیواری کۆن و رووخاویان لە ماڵەکانیاندا هەیە، رێنماییەکانی سەلامەتی لەبەرچاو بگرن، بۆ ئەوەی تووشی هیچ رووداوێکی نەخوازراوی هاوشێوە نەبن.


