رووداو دیجیتاڵ
دەزگای روانگە لەڕێگەی پرۆگرامێکی راهێنانی پیشەییەوە، خوێندکارانی زانکۆ و ئامادەیی بۆ بازاڕی کار ئامادە دەکات و فێری چەندین پیشەی جیاوازیان دەکات، لەوانە میکانیکیی ئۆتۆمبێل، دیزاین و سیستەمی وزەی خۆر.
عەبدولڕەحمان ئیبراهیم، خوێندکارێکی زانکۆی کوردستان - هەولێرە و یەکێکە لە بەشداربووانی خولەکە. ئەو و هاوڕێکانی لە خولێکی 45 رۆژەدا فێری کردنەوە و بەستنەوەی مەکینەی ئۆتۆمبێل و چاککردنەوەی کێشەکانی دەبن. عەبدولڕەحمان دەڵێت: "لەم خولەدا زیاتر باسی میکانیکیی ئۆتۆمبێلی بەنزین دەکەین، فێری کردنەوە و داخستنی مەکینە، دۆزینەوەی کەموکوڕییەکان و چاککردنەوەیان دەبین."
ئەم خولە بەشێکە لە پرۆگرامی دەزگای روانگە بۆ پەروەردە و راهێنانی تەکنیکی و پیشەیی. جگە لە میکانیکی، چەندین بواری دیکەش لەخۆدەگرێت.
ژوان لوقمان، خوێندکارێکی دیکەی بەشداربووە و دەڵێت: "بەهۆی ئەم خولەوە ئێستا زۆر باشتر لە کارەبا تێدەگەم. بەنیازین سیستەمی وزەی خۆر لە ماڵەوە دابنێین و ئینشاڵا ئەگەر ئەم خولەم تەواوکرد، خۆم دایدەنێم."
ئورفا عەلی، کە خوێندکاری ماستەرە وگوتی: " ئەمڕۆ سێمینارێک پێشکێشکرا و من سەرم سوڕما، گوتم ئەوان زۆر زیرەکن."
راهێنەرانی خولەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەو پیشانە فێری خوێندکاران دەکەن کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە بازاڕی کاری هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
رەنجدەر کامەران، یەکێک لە راهێنەرەکان، دەڵێت: "ئێمە راستەوخۆ ئەو بابەتانە باس دەکەین کە پەیوەندییان بە کار و پیشەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، نەک کۆمەڵێک بابەتی نێو پەرتووک کە دووربن لە واقیعەوە."
رێزدار شاخەوان، راهێنەری بواری گرافیک دیزاین، ئاماژە بەوە دەکات کە خوێندکاران "فێری سەرەتا تاوەکو کۆتایی گرافیک و دیزاین دەبن، تاوەکو بتوانن لە داهاتوودا بۆ کاری خۆیان بەکاری بهێنن."
هێمن هادی، راهێنەری بواری وزەی خۆر، بە رووداوی گوت: "بۆردەکانی کارەبا، چۆنیەتیی پاراستنی سیستەمەکە و بابەتەکانی دیکەی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە پانێل و سیستەمەکان دەکرێن".
لە ئێستادا 135 خوێندکاری زانکۆی کوردستان لەم بەرنامەیەدا بەشدارن. دەزگای روانگە لە پلانیدایە ئەم پرۆگرامە فراوانتر بکات و بیگوازێتەوە بۆ زانکۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، تاوەکو زۆرترین ژمارەی خوێندکاران لێی سوودمەند بن


