رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی پارەی داهات بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؛ بە گوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار لە بەغدا و هەولێر، پێشبینی دەکرێت بەر لە کۆتایی هەفتە ئەو پارەیە رەوانە بکرێت.
رێبوار کەریم، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە لە رێگەی وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە بەدواداچوونی بۆ پرسی مووچە کردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "دەستکراوە بە کۆکردنەوەی پارەی داهاتی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان."
ئەو هەنگاوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە دوای ئەوە بوو کە لە 9ـی ئاب دەستی کرد بە دابەشکردنی مووچەی دوایین دامەزراوەی فیدراڵی بەر لە ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان، کە مووچەی پەرلەمان بوو.
بۆ ئەم مانگە چاوەڕێ دەکرێت وەزارەتی دارایی فیدراڵ نزیکەی 841 ملیار دینار بنێرێت، بە پاساوی ئەوەی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی نەناردووە.
دوو سەرچاوەی بەرپرس لە بەغدا و هەرێمی کوردستان بە رووداویان رایگەیاند: "پێشبینی دەکرێت تاوەکو رۆژی چوارشەممە پارەی مووچەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، ئەگەر هیچ کێشەیەکی چاوەڕواننەکراو روونەدات."
سەرچاوەکەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "داوا کراوە تاوەکو رۆژی چوارشەممە پارەی مووچە بنێردرێت بۆ ئەوەی بەر لە پشووی کۆتایی هەفتە دەست بە دابەشکردنی بکرێت."
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند: "بڕیارە هەفتەی داهاتوو تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی سەردانی بەغدا بکات و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئاب رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات."




