رووداو دیجیتاڵ
هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور، لە دوو رۆژدا دوو نووسراو ئاراستەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەکات تایبەت بە بابەتی پێدانی "لاری نەبوون" بۆ گواستنەوەی فۆرمى خۆراک بۆ ناوچەکانی سنووری مادەی 140 کە زیاتر لە سێ مانگە دەستی پێکردووە.
ئەو پرسە دوای ئەوە سەری هەڵدا کە لە مانگی ئایارەوە وەزارەتی بازرگانیی عێراق گواستنەوەی کۆبۆنی خۆراکی لەنێوان پارێزگاکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی کردەوە کە پێشتر راگیرابوو.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە خەڵکی گەرمیانە و هەڵۆ جەباری، پەرلەمانتاری کورد کە خەڵکی کەرکووکە، لە 29ی حوزەیران بە نووسراوی فەرمی وەزیری بازرگانیی عێراقیان لەو کارە ئاگادار کردووەتەوە.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "بەهۆی ئەو رێکارەوە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی عەرەب لە ناوچەکانی دیکەوە فۆرمی خۆراکیان بۆ ناوچەکانی مادەی 140، بەتایبەت کەرکووک گواستوەتەوە".
ئەو رێکارە بە شێوەیەک کراوە کە تەنیا پێویستی بە لاری نەبوونی نووسینگەکانی مادەی 140 بووە کە بۆ ئەو هاووڵاتیانە کراوە تاوەکو فۆرمەکانیان بگوازنەوە.
هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور، لە 27ی تەممووز لە نووسراوێکدا بۆ وەزارەتی بازرگانی رایگەیاندووە، گواستنەوەی فۆرمی خۆراک بۆ ناوچەکانی لیژنەی مادەی 140 و بەپێچەوانەوە لە سنووری کاری لیژنەکەیاندا نییە و لارییان نییە لە گواستنەوەیان، بەڵام دوو رۆژ دواتر نووسراوێکی دیکەی کردووە بۆ هەمان وەزارەت و پێیان دەڵێت: "کار بە نووسراوی پێشوو مەکەن تاوەکو لێکۆڵینەوەی یاسایی لەسەر دەکەین، بۆ ئەوەی مافی ئەو هاووڵاتیانە بپارێزرێ کە مادەی 140 دەیانگرێتەوە."
بەگوێرەی مادەی 140ی دەستوور، خەڵکی رەسەنی ناوچە کێشەلەسەرەکان لە رێگەی راپرسییەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی کارگێڕیی ناوچەکانیان دەدەن کە سەر بە حکومەتی فیدراڵی بن یان بێنە سەر هەرێمی کوردستان. گۆڕینى دیمۆگرافی ئەو ناوچانە کاریگەرى لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچانە دەبێت.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:" نووسراوی یەکەمی سەرۆکی لیژنەی مادەی 140 بۆ گواستنەوەی فۆرمی خۆراک بەبێ تێپەڕبوون بەو لیژنەیە، پرسێکی نادەستووری بووە و دژی بنەمای ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانەیە و پێچەوانەی رێکارەکانی لیژنەی باڵای مادەی 140یشە. ئەم هەفتەیە لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە نووسراومان دەبێت بۆ ئەوەی هۆشداری بدرێتە لیژنەی باڵای مادەی 140 لەو پێشێلکارییە دەستوورییە."





