خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی نەوەی پێش نەوەدەکان، زۆربەیان یادەوەرییان لەگەڵ ئۆتۆمبێلی ڤۆڵکس وەیگن (بەڕازیلی) هەیە، چونکە لە هەشتا و نەوەدەکاندا، ئۆتۆمبێلی دڵخوازی زۆربەی هاونیشتمانییان بوو و هەرکەس توانای مادیی زۆرباش نەبووبا، نەیدەتوانی بیکڕێ.
بە گوتەی سەرگرووپێکی (بەرازیلیی هەولێر)،
ئێستا لە هەرێمی کوردستان دا تەنیا 100 دانە لەم ئۆتۆمبێلانە ماون، بەڵام هێشتا
کڕیار و دڵخوازی خۆیان هەیە و پارچەکانیشی هاوردە دەکرێن.
چۆن بەرازیلی هاوردەی عێراق کرا؟
ئەم ئۆتۆمبێلە، دروستکراوی ئەڵمانیایە و
کۆمپانیای (ڤۆڵکس وەیگن) دروستی کردووە، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە (بەڕازیلی)
ناسراوە و لە وڵاتی بەرازیلیش پێی دەگوترێ (عێراقیانۆ)، چونکە ئەو ئۆتۆمبێلە لە
بەرازیلەوە هەناردەی عێراق کراوە.
لە ساڵی 1983 بۆ یەکەمجار عێراق هاوردەی کرد و ناوی (بەڕازیلی)ی بەسەردا بڕا. لەو ساڵەدا عێراق رێککەوتنێکی لەگەڵ بەڕازیل کرد و بەپێی رێككەوتننامەكە لەبەرامبەر هەناردەكردنی نەوت بۆ ئەو وڵاتە، پێداویستی سەربازی و مەدەنی هاوردە بکات کە بڕگەیەکی رێککەوتنەکەیان هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی بەڕازیلی بوو.
بەگوێرەی رێککەوتنێک
لەگەڵ لقی بەڕازیلی کۆمپانیای (ڤۆڵکس وەیگن)ی ئەڵمانی، لە نێوان ساڵانی 1983-1987
عێراق 120 هەزار ئۆتۆمبێلی بەڕازیلیی هاوردە کرد.
100 بەڕازیلی لە هەولێر دا ماون
تۆڕی میدیایی رووداو، بەدواداچوونی بۆ ئەو جۆرە
ئۆتۆمبێلە کرد کە سێ دەیە لەمەوبەر زۆرترین بوو لەسەر جادە و بانەکانی هەرێمی
کوردستان.
نەریمان، فیتەرێکی بە ئەزموون و سەرگرووپێکی
گرووپی بەرازیلییە، ساڵانێکە بە (نەریمان بەڕازیلی) ناسراوە و ناوی دەرکردووە، ئەو
جگە لەوەی فیتەری ئەو ئۆتۆمبێلەیە، چوار دانەشی هەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە، نەریمان بەڕازیلی قسەی بۆ
تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "فیتەر و سکرابچیی تایبەتی بەڕازیلیم،
ئەشیای و کۆن و نوێی ئەو سەیارەیەم هەیە و خۆشم چوار دانەم هەیە."
بەو پێیەی نەریمان لەگەڵ هاوڕێیەکی بەناوی
هەژار، سەرگرووپی (بەڕازیلیی هەولێر)ن، ئاماری وردی ئەو ئۆتۆمبێلەیان لایە و
زۆربەی خاوەن بەڕازیلییەکانیش دەناسن.
دابەشبوونی بەڕازیلی لە پارێزگاکانی هەرێمی
کوردستان:
بە گشتیی نزیکەی 160 ئۆتۆمبێلی بەڕازیلیی هەن
هەولێر: 100 دانە
دهۆک: 32 دانە
سلێمانی و هەڵەبجە: 27 دانە
زاخۆ: 3-4 دانە
گرووپی
بەڕازیلیی هەولێر 45 ئەندامن
نەریمان و هەژار، سەرگرووپی (بەڕازیلیی
هەولێر)ن کە 45 ئەندامن. نەریمان دەڵێ، "بەرازیلی بە رەمزی هەولێر دەزانم،
سەردەمی تام و چێژی ژیان ئەو کاتانە بوو کە بەڕازیلی باو بوو، لە سەردەمی بەعس، پێشمەرگە
چالاکییەکانی بەو سەیارە دەکرد."
هەژار دەڵێ، " لە کەرکووک، نەینەوا
و بەغدا گرووپی بەرازیلی هەن و پەیوەندیمان زۆر باشە، بەنیازین بە گرووپ و بە جلی
کوردییەوە سەردانیان بکەین."
تایبەتمەندییەکانی بەڕازیلی
ڤۆڵكس وەیگن-پاسات (ئێڵ-ئێس-ئی)، بزوێنەرەکەی چوار سلندەرە و قەبارەی سلندەرەکانی 1699CCیە، جۆری گێڕەكەشی 5 گێڕی ئاسایی (عادی)یە و ئۆتۆماتیكی نییە.
وەستا نەریمان بەڕازیلی دەڵێ: "فیول پەمپی کارەبایی نییە، نۆزن و بەخی نییە و مەکینەکەی 1.6ـە، ئەوانەشی
مەکینەیان کۆن و خراپ بووبێ، مەکینەی جیتای 1.8یان بۆ دەبەستین."
"بەڕازیلی کێشەی لەگەڵ بەنزینی نۆرماڵ
نییە"
وەستا نەریمان، پەسنی ئەو ئۆتۆمبێلە دەدات و
دەڵێ، لە لە 100کیلۆمەتردا تەنیا 8 لیتر بەنزین دەخوات، "کێشەی لەگەڵ ئەم
بەنزینە خراپەی کوردستاندا نییە و بەبێ کێشەی رێگە دەبڕێ، تەنانەت مۆدێل 1983 بۆ
سەرەوەش بە تەبرید (فێنککەرەوە)یان هەیە."
بە 700 دۆلار تاوەکو 17300 دۆلار فرۆشراون
هەرچەندە مۆدێل بەرزترینی ئەم ئۆتۆمبێلە
ئێستا تەمەنی لە 38 ساڵ زیاترە، بەڵام هێشتا خواستی لەسەرە. وەستا نەریمان کە کاری
کڕین و فرۆشتنیش دەکات دەڵێ: "نرخی بەرازیلییەکی زۆر پاک بە 173 وەرەقەیە، کە
بە سفر کیلۆمەتر هەژمار دەکرێ، بەرازیلییەکی ئاسایی بێ کێشە 40-45 وەرەقەیە و هەشە
بە 700 دۆلارمان فرۆشتووە."

