لە بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)ی تۆڕی میدیایی رووداو،
گفتوگۆیەکی چڕ لەبارەی چارەنووسی فەرمانبەر و سێ یەکەمە دانەمەزراوەکانی هەرێمی
کوردستان کرا. ئامارە راستەقینەکان، ئاستەنگە یاساییەکان و هەوڵە نوێیەکان بۆ جێگیرکردنی
شایستە داراییەکان لایەنە پەیوەندیدارەکان خرانە روو.
خوێندنی باڵا: داوای دامەزراندنی 16,280 کەسمان
کردووە
دکتۆر توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی
کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان ئەوەی لە
توانای وەزارەتدا بووە کردوویانە و ئاشکرای کرد، بە نووسراوی فەرمی داوای دامەزراندنی
16,280 کەسیان ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە تاوەکو وەک میلاک و
پارە جێگیر بکرێن.
دکتۆر توانا نەجەف جەختی کردەوە، ئێستا خەریکی رەشنووسی حکومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوەکو سەرەتا میلاک بە ژمارە و پاشان بە پارە جێگیر بکەن.
دکتۆر توانا نەجەف بەڵێنیدا کە لەم کابینەیەدا
و لەسەر دەستی دکتۆر ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی
کوردستان، دەبێت ئەم ئیشە [دامەزراندن] جێبەجێ بکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان گوتی، جەخت دەکەنەوە لە خەمڵاندنەکەدا دایانناوە
و ئەمە شەڕێکی پیرۆزە بۆ بەرژەوەندیی گەنجان؛ چونکە هەرێمی کوردستان مافی 12.6%ی لە
بودجە و دامەزراندن هەیە.
دکتۆر توانا نەجەف، لەبارەی دەرماڵەی خوێندکارانیش هەواڵێکی نوێی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزیری دارایی، توانیویانە 5 ملیار دینار وەک تەخمین بۆ "مەخسوساتی خوێندکار" کە پێی دەگوترێت پاڵپشتیی دارایی جێگیر بکەن. "ئەمە هیچ پیاوەتییەکی تێدا نییە و واجبمانە، جەنابی وەزیر بە دڵنیایی هەر ناڵێت باسی بکەن، بەڵام ئەمە کەیسە یەکەمەکانن."
دکتۆر توانا نەجەف لەبارەی دامەزراندنی 1,000 کەسیش
ئاشکرای کرد، دەیانویست دادپەروەر بن و دەرفەتی یەکسان بۆ خەڵک بێت، و جەنابی وەزیر
رازی نەبوو سنووردار بکرێت، چونکە مافی پێشکێشکردن بۆ دامەزراندن مافێکی ئاسایی کۆمەڵگە
و مافی مرۆڤە، بەڵام لایەنە فیدراڵییەکان تێبینییان لەسەر ئەم قۆناخــە هەبووە.
سیراج بارزانی: تەنیا ئەوانە لادراون کە مەرجی
زانستییان تێدا نەبووە
سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی گشتی
لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوە کرد، دەیەوێت بە شێوەیەکی راشکاو و بەبێ
موجامەلە قسە بکات تاوەکو رای گشتی واقیعەکە بزانێت.
سیراج بارزانی جەختی کردەوە، سێ یەکەمەکان پشت
ئەستوورن بە یاسایەکی فیدراڵی کە مافی دامەزراندنی وەک مافێکی یاسایی پێ بەخشیوون.
لەبارەی دۆسیەی وانەبێژان کە 4,000 کەس بوون،
ئاماژەی بەوە کرد، "هەر خودی وەزارەتی خوێندنی باڵا لێژنەی دروست کردووە و
1,000 کەسیان لابراون چونکە مەرجە زانستییەکانیان تێدا نەبووە."
چوار مەرج بۆ دامەزراندن
سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی گشتی لە حکومەتی
هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر پاراستنی حەرەمی زانکۆ کردەوە و گوتی: "مامۆستا
نازناوێکی زانستییە و یاسا رێکی خستووە تاوەکو ئاستی زانست بگەیێندرێتە لووتکە."
سیراج بارزانی 4 مەرجی بۆ دامەزراندنی مامۆستا دیاری کرد:
یەکەم: هەڵگری ماستەر یان دکتۆرا بێت
دووەم: فەرمانی فەرمیی هەبێت
سێیەم: پێشتر وەک وانەبێژ کاری کردبێت.
چوارەم: خشتەی شایستەی دارایی هەبێت.
سیراج بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنجوومەنی راژە لە ساڵی 2011دا دامەزراوە، بەڵام 8 ساڵ جێبەجێ نەکرا تاوەکو لە ساڵی 2022دا کارا کرا، ئێستا دەیانەوێت وەک "ئەنجوومەنی خزمەتی گشتیی عێراقی" ئیش بکەن.
سیراج بارزانی بەڵێنیدا ئەگەر 16,000 پلەی وەزیفی
پەسند بکرێت و سەڵاحییەتی هەبێت، هەموویان دادەمەزرێنێت چونکە یاسا ناچاری کردووە.
هاوسۆزی و سکاڵای مامۆستایانی گرێبەست
نوێنەری مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەستی خوێندنی
باڵا، ئاماژەی بەوە کرد، زۆربەی سێ یەکەمەکان قوتابیی ئەوان بوون و پێش داواکردنی
مافی خۆیان، داوای دامەزراندنی سێ یەکەمەکان دەکەن.
تۆلاز محەممەد جەختی کردەوە، ئەوان وەک مامۆستایانی
وانەبێژ هیچ کاتێک رێگر نەبوون و بە دەستی خۆیان نووسراویان بۆ دکتۆر شاخەوان
عەبدوڵڵا، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بردووە تاوەکو لە بودجەی 2026دا
دامەزراندنی سێ یەکەمەکان جێگیر بکرێت.
تۆلاز محەممەد رەخنەی تووندی لە حکومەتی فیدراڵ
گرت کە لە ساڵانی 2023 تاوەکو 2025 زیاتر لە 84,000 (بە وردی 84,827) کەسی بۆ خۆی
دامەزراندووە، بەڵام یەک کەسیشی بۆ هەرێمی کوردستان دانەمەزراندووە.
تۆلاز محەممەد هۆشداریی دا کە یاسایەکی خانەنشینی
بەسەریاندا جێگیر دەبێت کە دەڵێ: ئەگەر تەمەنی گرێبەست گەیشتە 60 ساڵ دەبێت خانەنشین
بێت. لە کاتێکدا ئەوان تەمەنێکیان لە زانکۆکاندا بەسەر بردووە و هێشتا دانەمەزراون.
"ئەمەی بە غەدرێکی گەورەیە و دەبێ لەم قۆناخــەدا چارەسەر بکرێ."
"دکتۆرمان هەیە لەبری ددان سپیکردنەوە
تایە رەش دەکاتەوە"
نوێنەری گشتیی دەرچووە سێ یەکەمەکان، باس لەوە
کرد کە 9 ساڵە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی یاسان. دکتۆر کاروان عەلی گوتی: "ئێمە یەکەم
و نوخبەی هەرێمی کوردستانین، بەڵام لە دوایین توێژەکانین. دەرچووی یەکەمی کۆلێژی
کشتوکاڵمان هەیە لە ئیمپایەر بلیتی پارککردن دەبڕێت، دکتۆرمان هەیە لە ناو ئەم بەرنامەیە
ئامادەیە کە پێشتر لە شوێنی جوانکاریی ئۆتۆمبێل کاری کردووە؛ لەبری ئەوەی ددان سپی
بکاتەوە، تایەری رەش دەکردەوە."
دکتۆر کاروان عەلی جەختی کردەوە، "ئەو
کارامەییەی وەزارەت پێی بەخشیون خەریکە دەپووکێتەوە، چونکە دەرفەتیان پێ نادرێت."
47 خۆپیشاندانی بێ ئەنجام
دکتۆر کاروان عەلی لەبارەی ئامارەکان ئاماژەی بەوە
کرد، هەرچەندە ژمارەیان بە 16,280 تۆمار کراوە، بەڵام ئەمە حەقیقی نییە چونکە زۆریان
لە وەزارەتی پەروەردە و سێکتەرەکانی دیکە دامەزراون و پێشبینی دەکات تەنیا 10,000
کەس مابنەوە.
دکتۆر کاروان عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، 47 جار لەبەردەم پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران خۆپیشاندانیان کردووە و گوتی: "دەرگاکردنەوە سارێژی دڵمان ناکات، یەکەمم هەیە ناتوانێت بژێوی ماڵ و منداڵەکەی دابین بکات."
دکتۆر کاروان عەلی داوای لە سیراج بارزانی کرد کە وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی راژە، داکۆکیکارێکی سەرسەخت بێت و گوتیشی: "ئێمە بۆ ئەوە پێ نەگەیێندراوین ببینە وەستای سپلیت، بەڵکو دەمانەوێت رانکینی زانکۆکانمان بگەیێنینە لووتکە."


