رووداو دیجیتاڵ
کێشەی دابینکردنی ئاو لە پارێزگای سلێمانی و بەشێک لە شارۆچکەکانی دەوروبەری، بەتایبەت چەمچەماڵ و بازیان، بەردەوامە و هاووڵاتییان ناچارن بە پارە ئاوی خواردنەوە بکڕن.
محەممەد عەبدوڵڕەحمان، دانیشتووی گەڕەکی ئاسوودەیە لە چەمچەماڵ و دەڵێت: "ناچارین لە مانگێکدا 10 جار ئاو بکڕین، زۆر بێ ئاوین و دۆخەکە باش نییە."
نەسرین ئەحمەد، کابانی ماڵەوەیە و دەڵێت: "خەریکە ماڵەکانمان چۆڵ دەکەین لەبەر بێ ئاویی. دەبێت بپاڕێینەوە تاوەکو ئاومان دەستبکەوێت، ئەمەیە راستییەکە."
هاوکات سیامەند عەبدوڵڵا، مامۆستایەکی دانیشتووی هەمان شارۆچکەکەیە ، گوتی: "لە مانگێکدا تەنیا دووجار ئاومان بۆ دێت و ناچارین بیکڕین. داواکارین هەرچی زووە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە."
شکانی بۆریی هێڵی دووەمی ئاوی سلێمانی-دوکان و لەکارکەوتنی پەمپەکان، قەیرانەکەی قووڵتر کردووە. دوای 16 کاژێر لە کارکردنی بەردەوام، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی چاککردنەوەی بۆرییەکەی راگەیاند.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، بە رووداوی رایگەیاند: "بۆرییەکان چاککرانەوە و ئاو گەیشتەوە خەزانەکانمان. گەڕەکەکانی سلێمانی ئاویان پێدەگاتەوە."
لەگەڵ ئەوەشدا، چاککردنەوەی بۆرییەکە چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی کەمئاوی لە سلێمانی، چەمچەماڵ و بازیان ناکات، چونکە ئەو پەمپانەی کە دەبێت رۆژانە 500 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ سلێمانی بنێرن، زیاتر لە نیوەیان لەکارکەوتوون و پارەی پێویستیش بۆ چاککردنەوەیان لەبەردەستدا نییە.


