رووداو دیجیتاڵ
چوار گەنجی دەرچووی زانکۆ لە پسپۆڕییەکانی کۆمپیوتەر، نەوت، کیمیا و کشتوکاڵ، لەبری چاوەڕوانی بۆ دامەزراندن، پێکەوە پرۆژەیەکی کشتوکاڵی ئۆرگانیکیان لە شارۆچکەی چەمچەماڵ دامەزراندووە و بەرهەمەکانیان بە ناوی "مەقان ئۆرگانیک" دەفرۆشن.
لەسەر رووبەری دوو دۆنم و نیو زەوی لە ناوچەی بانی مەقانی چەمچەماڵ، ئەم گەنجانە بەبێ بەکارهێنانی هیچ ماددەیەکی کیمیایی و قڕکەر، چەندین جۆر سەوزە و میوەی وەک تەماتە، خەیار، کوولەکە، باینجان، شووتی و گەنمەشامی بەرهەم دەهێنن.
هێدی هێمن، کە دەرچووی بەشی کشتوکاڵە، گوتی: "ئەم باخەی ئێمە دوورە لە هەموو ماددەیەکی قڕکەر و سەلامەتە. دەمانەوێت لەسەر پێی خۆمان بوەستین و پشت بە کەس نەبەستین."
یەکێکی دیکە لە گەنجەکان دەرچووی بەشی نەوتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ کاری کشتوکاڵی وایکردووە روو لەم کارە بکات. فەرەیدوون عەبدوڵڵا بە رووداوی گوت: "من دەرچووی بەشی نەوتم، بەڵام حەز و خولیام بۆ کاری کشتوکاڵی و وەستان لەسەر پێی خۆم وایکرد ئەم کارە هەڵبژێرم."
ئەم گەنجانە نەک هەر بێکارییان بۆ خۆیان نەهێشتووە، بەڵکو بوونەتە سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی بەروبوومی تەندروست بۆ هاونیشتمانییان.
پێشین رێبوار، دەرچووی بەشی کۆمپیوتەرە و دەڵێت: "من بۆیە ئەم کارەم هەڵبژارد، چونکە خێزانەکانیشمان ئەم کارەیان کردووە. ئێمەش چاوەڕێی کەسمان نەکرد و دەستمان بە کاری خۆمان کرد."
بەروبوومەکانی "مەقان ئۆرگانیک" لەنێو کێڵگەکەدا کیلۆی بە 1000 دینار دەفرۆشرێن و کڕیاران دەتوانن خۆیان بەرهەمەکان لێبکەنەوە. هاوکات، خاوەن پرۆژەکە خزمەتگوزاریی گەیاندنیان بۆ شارەکانی دیکەش هەیە.


