رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی خۆبەخش بە ناوی ئاڵان حەمە کەریم، لەسەر ئەرکی خۆی 300 کەوی کڕی و لە سرووشتی هەورامان ئازادی کردن، بە ئامانجی دەوڵەمەندکردنەوەی ژینگەی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی جوانیی سرووشت.
ئاڵان، هەر کەوێکی بە 9 هەزار دینار کڕیوە و تەنیا بۆ ئەوەی لە قەفەز رزگاریان بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ باوەشی سرووشت.
ئاڵان حەمە کەریم، دەڵێت: "حەزم لێبوو ئەم کارە بکەم، چونکە ناوچەکە کەوی تێدا کەم ببووەوە. گوتم 300 دانە دەکڕم و لە شاخەکانی هەورامان ئازادیان دەکەم. خۆشە بەیانیان زوو گوێبیستی دەنگیان بیت."
هەڵمەتەکە بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە بەڕێوەچوو و کەوەکان لە چەند ناوچەیەکی هەورامان و دوور لە چاوی راوچییەکان ئازاد کران.
عابدین عەبدوڵڕەحمان، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە، هۆشداریی دایە راوچییەکان و بە رووداوی راگەیاند: "ئەم کەوانە لە چەند ناوچەیەکی هەورامان، لەنێویاندا ئەو شوێنەی پێشمەرگە محەممەد شەهید بوو، ئازاد دەکەین. ئەگەر هەر کەسێک ڕاویان بکات، ئەوا بە چەند بەرامبەر سزا دەدرێت."
ئازادکردنی ئەم کەوانە پەیامێکە بۆ گرنگیدان بە پاراستنی ژینگە و ئاژەڵە کێوییەکان و هاندانی مرۆڤە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ سرووشت.


