رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی حوڕییەی کەرکووک کوڕێک بە زیاتر لە پێنج گوللە خوشکەکەی دەکوژێت. گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، بکوژەکە رایکردووە و تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە.
عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، یەکشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە کاژێر 5:50 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ روویداوە، لە کامێراکانی چاودێرییەوە دەرکەوتووە، بکوژەکە پێش ئەوەی بچێتە ژوورەوە لەبەر دەرگاکەیان میلی چەکەکەی هێناوەتەوە."
بەگوێرەی کامێراکانی چاودێری، بکوژەکە زیاتر لە 5 گوللەی تەقاندووە و هەموویان بەر خوشکەکەی کەوتوون و خوشکەکەی دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.
عامر شوانی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە ئەو کچە بەهۆی کێشەی نامووسەوە کوژرابێت و گوتی: "هیچ بابەتێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کوژراوەکە هیچ کێشەیەکی نەبووە." گوتیشی: "بکوژەکە گرفتی دەروونیی هەبووە و چەند جاری دیکەش کێشەی بۆ خەڵک ناوەتەوە و بە هۆکاری جیاواز دەستگیر کراوە."
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵی تیمەکانی پۆلیسی کەرکووک بۆ دەستگیرکردنی بکوژەکە چڕکراونەتەوە و رێکاری یاسایی گیراوەتەبەر.

