رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کەرکووک رایدەگەیەنێت کە توانراوە 99٪ـی ناوەندی شاری کەرکووک بە ئاوی پاکی خواردنەوە بەستێنرێتەوە. هاوکات بڕیارە ئەمساڵ پڕۆژەیەکی ستراتیژی بە تێچووی 230 ملیار دینار بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی ئاو لە پارێزگاکەدا دەستپێبکات.
ئەندازیار هیوا رەشید، جێگری بەڕێوەبەری ئاوی کەرکووک لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند، سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاوی کەرکووک لە رووباری زێی بچووک (ئاوی دووکان)ـە و لە رێگەی دوو پڕۆژەی سەرەکیی "ئاوی یەکگرتوو" (لە کاژێرێکدا 30 هەزار مەتر سێجا) و "پڕۆژەی دووبز" (لە کاژێرێکدا 3 هەزار مەتر سێجا) 24 کاژێر ئاو بەرهەمدەهێنرێت.
90 ٪ـی شاری کەرکووک پشت بە ئاوی رووباری زێی بچووک دەبەستێت لە قەزای دووبز.
سەبارەت بە دۆخی ئەو گەڕەکانەی لە دەرەوەی نەخشەی بنەڕەتیی شارەکەن و بە زێدەڕۆ هەژمار دەکرێن، جێگری بەڕێوەبەری ئاوی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ناوچانەی وەکو "پەنجە عەلی، شۆراو، فەیڵەق، بەدر و عەمەل شەعبی" سەرچاوەی ئاویان جیاوازە؛ بەشێکیان لەسەر بیرن و توانراوە دابەشکردنی ئاو لە چوار رۆژ جارێکەوە، بۆ رۆژ نا رۆژێک بگۆڕێت.
پڕۆژەی ستراتیژیی پردێ-کەرکووک
هیوا رەشید سەبارەت بە پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی پردێ - کەرکووک، ئاشکرای کرد، بڕیارە لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی حکومەتی عێراق لەگەڵ تورکیا، ئەمساڵ کۆمپانیایەکی تورکی جێبەجێی بکات.
تێچووی پڕۆژەکە: 230 ملیار دینار.
توانای بەرهەمهێنان: 6 هەزار مەتر سێجا ئاو لە کاژێرێکدا.
ناوچە سوودمەندەکان: شۆراو، شەقامی بازنەیی، گوندەکان و ناوچەکانی سەر رێگەی کەرکووک - هەولێر.
ئاستەنگەکان و پێوەری زیرەک
جێگری بەڕێوەبەری ئاوی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە 300 هەزار هاوبەشی ئاو تۆمار کراون و ئێستاش کۆمپانیایەکی تایبەتمەند خەریکی بەستنی پێوەری ئەلیکترۆنیی زیرەکە بۆ ماڵان، بەتایبەت لە گەڕەکە زێدەڕۆکاندا.
ئەندازیار هیوا رەشید ئاماژەی بە گرفتە سەرەکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کرد و گوتی، بەهۆی زێدەڕۆیی لەسەر هێڵەکانی کارەبای پڕۆژەی دووبز، زۆر جار کێشەیان بۆ دروست دەبێت، هەروەها زێدەڕۆیی جووتیاران لەسەر کەناڵی ئاوی کەرکووک هەندێکجار کێشەیان بۆ دروست دەکات، جگە لەوە بەفیڕۆدانی ئاو لەلایەن هەندێک لە هاووڵاتییانەوە، کە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی دەستیان بە سزادانی سەرپێچیکاران کردووە.

