رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ بۆ تاریککردنی جام، ئۆتۆمبێلە بیانییەکان و ئەو ئۆتۆمبێلانەش دەگرێتەوە کە تابلۆی پارێزگاکانی عێراقیان هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەر ئۆتۆمبێلێک بەبێ مۆڵەت جامی رەش بکرێت، بە پێبژاردن سزا دەدرێت.
رۆژی یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە رێنمایی ژمارە 6ـی ساڵی 2026ـی وەزارەتی ناوخۆ بۆ پێدانی مۆڵەتی تاریککردنی جامی ئۆتۆمبێل رایگەیاند: "رێنماییەکە لە ئەمڕۆوە بەرکار دەبێت."
بەگوێرەی رێنماییەکە، ئەو کەسانەی دەیانەوێت جامی ئۆتۆمبێلەکانیان تاریک بکەن، پێویستە سەرەتا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ بکەن، بۆ پێشکێشکردنی داواکاری. عەقید هێمن ئەمین گوتی: "ئەم رێنماییە هەموو ئۆتۆمبێلەکان دەگرێتەوە کە ژمارەی تابلۆکانیان هەرێمی کوردستانە."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، رێنماییەکە ئەو ئۆتۆمبێلانەش دەگرێتەوە کە تابلۆکانیان تایبەتە بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، "ئەگەر خاوەن ئۆتۆمبێلەکە دانیشتووی یەکێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بێت."
بەگوتەی عەقید هێمن ئەمین، رێنمایی تاریککردنی جام، ئۆتۆمبێلە بیانییەکانیش دەگرێتەوە، "ئەگەر بە فەرمی هاتبێتە هەرێمی کوردستان، واتە تەنیا بۆ گەشتی چەند رۆژە نەبێت."
چۆنیێتیی پرۆسەکە
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی تاریککردنی جامی ئۆتۆمبێلی خستەڕوو و گوتی: "دەبێت ئۆتۆمبێلەکە بە ناوی ئەو کەسەوە بێت کە داواکارییەکەی پێشکێش کردووە، واتە ساڵیانەی ئۆتۆمبێل (سەنەوی) بە ناوی خۆیەوە بێت."
مۆڵەتەکە لە یەک ساڵەوە تاوەکو سێ ساڵ جیاوازە. عەقید هێمن ئەمین دەڵێت: "ئارەزوومەندانەیە و خاوەنی ئۆتۆمبێل دەتوانێت بۆ یەک ساڵ جامی ئۆتۆمبێلەکەی تاریک بکات یان دوو ساڵ و سێ ساڵ."
دوای ئەوەی خاوەن ئۆتۆمبێلەکان داواکارییان پێشکێشکرد، رەزامەندییەکیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆوە پێدەدرێت. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو کات دەتوانن رەزامەندییەکە ببەن بۆ یەکێک لە شوێنەکانی جوانکاریی ئۆتۆمبێل و جامی ئۆتۆمبێلەکەیان بەپێی رەزامەندییەکە تاریک بکەن."
لە بەشێکی قسەکانیدا عەقید هێمن ئەمین هۆشداری دەداتە خاوەن شوێنەکانی جوانکاریی ئۆتۆمبێل و دەڵێت: "نابێت جامی هیچ ئۆتۆمبێلێک تاریک بکەن، ئەگەر رەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆیان وەرنەگرتبێت."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، هەر ئۆتۆمبێلێک دەتوانێت بەپێی رێنماییەکە دوو جام یان چوار جام تاریک بکات، "بەڵام بە هیچ شێوەیەک نابێت جامی پێشەوە تاریک بکرێت، بەڵکو پێویستە رووناکییەکەی 100٪ بێت."
نرخی تاریککردنی جام
عەقید هێمن ئەمین سەبارەت بە نرخەکان بەپێی رێژەی تاریککردنی جامی ئۆتۆمبێل گوتی، تاوەکو 30٪ هیچ رسووماتێک ناگرێتەوە، "بەڵام بەو مەرجەی ئۆتۆمبێلەکە لە کۆمپانیای دروستکردنییەوە جامەکەی تاریک کرابێت و لەزگە نەبێت."
ئەگەر جامەکان لە 31٪ بۆ 50٪ تاریک بکرێن، وەک گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، نرخی دوو جام دەگاتە 100 هەزار دینار و ئەگەر چوار جام تاریک بکرێت، ئەوە بڕی 150 هەزار دینار وەردەگیرێت.
لە 51٪ تاوەکو 80٪ـیش، ئەگەر دوو جام تاریک بکرێن، 300 هەزار دینار دەگرێتەوە. بەگوتەی عەقید هێمن ئەمین، ئەگەر هەر چوار جام بەم رێژەیە تاریک بکرێن، ئەوە 500 هەزار دینار وەردەگیرێت.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، تاریککردنی زیاتر لە 80٪ـی جامی ئۆتۆمبێل ملیۆنێک دیناری بۆ دیاری کراوە و "بەپێی رێنماییەکە پێویستە هەر چوار جام تاریک بکرێن."
هەرچی تەکسی، پاس و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەیە، نابێت تاریککردنی جامەکانیان 50٪ تێپەڕێنێت، هەروەها تاریککردنی جامی دواوەوەیان رێگەپێدراو نییە.
هەر ئۆتۆمبێلێک کە مامەڵەکەی تەواو کرد، باجێکی تایبەتی پێدەدرێت، عەقید هێمن ئەمین ئاماژەی بەوە کرد، ئەم باجە رێگەپێدانی بەکارهێنانی جامی تاریکە کە لە کاتی پشکنیندا وەردەگیرێت.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر سەبارەت بە کۆتاییهاتنی وادەی مۆڵەتی تاریککردنی جامی ئۆتۆمبێلەکان گوتی: "دوای کۆتاییهاتنی وادە، ماوەی 30 رۆژ دیاریکراوە بۆ ئەوەی خاوەنی ئۆتۆمبێل مۆڵەتەکە نوێ بکاتەوە."
بەگوتەی عەقید هێمن ئەمین، لەو 30 رۆژەدا خاوەن ئۆتۆمبێلەکە هیچ سزایەک نادرێت، "بەڵام دوای ئەو ماوەیە، مۆڵەتەکە بە هەڵوەشێندراوە هەژمار دەکرێت و سزای دەخرێتە سەر."

