رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی عێراق لە ئیسپانیا کرد. لە دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لە بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لەگەڵ مەدرید کردەوە.
رۆژی یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە عەلی شەمران، باڵیۆزی نوێی عێراق لە ئیسپانیا کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "نێچیرڤان بارزانی جەختی لە برەودانی زیاتری پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیسپانیا، بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی هەموولایەکدا بێت، کردەوە."
باڵیۆزی نوێی عێراق لە ئیسپانیا ستایشی رۆڵی نێچیرڤان بارزانیی لە ناوچەکەدا کردووە. هەروەها وەک لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە: "جەختی لە هەوڵەکان بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیسپانیا کردەوە."
دۆخی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی عێراق بوون. سەرۆکایەتیی هەرێم لەوبارەیەوە دەڵێت: "تاوتوێکردنی دۆخی عێراق، دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە و چۆنیەتیی زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا لەگەڵ ئیسپانیا، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو."
