رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە پەرلەمانتاری ئەڵمانی سەردار یوکسەل کرد و سوپاسی کرد بۆ ئەو رۆڵەی لە هەموو بوارەکاندا بۆ پشتیوانیی هەرێمی کوردستان گێڕاویەتی. پەرلەمانتارەکەش رۆڵی کاریگەری نێچیرڤان بارزانی "بۆ پاراستنی پێگەی هەرێمی کوردستان، ئاشتی و ئاشتەوایی و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بەرز نرخاند."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 09-08-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە سەردار یوكسەل، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە دیدارێكدا وێڕای بەخێرهێنان، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پشتگیرییە بەردەوامەكانی حكومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیای بۆ هەرێمی كوردستان كرد لە كاتە سەختەكاندا، بەتایبەت لە شەڕی دژی تیرۆردا، هەروەها سوپاسێكی تایبەتی بەڕێز یوكسەلی كرد بۆ ئەو رۆڵەی كە لە هەموو بوارەكاندا بۆ پشتیوانیی هەرێمی كوردستان گێڕاویەتی و ئەم رۆڵەی بەرز و گرنگ نرخاند."
لای خۆیەوە پەرلەمانتارەکەی ئەڵمانیا "خۆشحاڵیی خۆی بە دیداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەو پێشوازییە گەرمەی كە لێی كراوە دەربڕی، هەروەها رۆڵی كاریگەری سەرۆك نێچیرڤان بارزانیی لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی پاراستنی پێگەی هەرێمی كوردستان و ئاشتی و ئاشتەوایی و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە، بەرز نرخاند."
تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.


