رووداو دیجیتاڵ
قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بووە شوێنی فێستیڤاڵێکی پڕ لە جۆش و خرۆشی هاوینی ئەم ساڵ.
هاونیشتمانییان لە قامشلۆ و شارە جیاوازەکانی کوردستانەوە بەشدارییان تێدا کرد.
فێستیڤاڵەکە لە 4ـی ئابەوە دەستیپێکرد و هەر زوو دیمەنی کەیف و شادی، هەڵپەڕکێ و گۆڤەند تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی.
تۆڕی میدیایی رووداو لە گۆڕەپانی فێستیڤاڵەکەوە رووماڵی چالاکییەکانی دەکرد.
ژمارەی چادرەکانمان زیادکرد
کەریم قەرمێتی، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە لە رۆژی یەکەمدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەنیا ئەمڕۆ زیاتر لە 13 هەزار کەس هاتوون. سەرەتا 230 چادرمان هەڵدا، بەڵام خواستێکی زۆر هەبوو و زانیاریمان وەرگرت کە خەڵکی زۆر دەیانەوێت بەشداری بکەن. ئێمەش ئامادەکارییەکانی خۆمان بەگوێرەی ئەوە نوێ کردەوە و ژمارەی چادرەکانمان گەیاندە 300 دانە."
هاونیشتمانییان بە جلی کوردییەوە بەشدارییان کرد
فێستیڤاڵی قامشلۆ دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ هاونیشتمانییان، بەتایبەتی بۆ گەنجان، بۆ ئەوەی لە بۆنەیەکی وەهادا جلی کوردی لەبەر بکەن.
جیھان هوچ، یەکێک لەو گەنجانە بوو بە جلی کوردییەوە بەشداریکرد و بە ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "حەزم لە جلی کوردییە. بە جلی کوردییەوە هاتووم."
هاتوومەتە فێستیڤاڵەکە
تەنانەت بەشێک لەو هونەرمەندانەی بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کرد، خۆیان و ژەنیارانیان بە جلی کوردییەوە چوونە سەر سەکۆ.
بەشداربووان گەرمای ئابیان بیرنەمابوو.
ئەگەرچی فێستیڤاڵەکە کەوتە کاتێکی وەها کە پلەی گەرما تا رادەی وەڕسکردن بەرز بوو، هیچ نیشانەیەکی وەها لە رووخساری بەشداربووان نەدەبینرا.
بەشداربووان تێکەڵی کەشی کۆنسێرت، هەڵپەڕکێ و چالاکییە جۆراوجۆرەکان بوون، بەجۆرێک گەرموگوڕیی شایی و هەڵپەڕکێی کوردی، رکابەریی گەرمای ئابی دەکرد.
خەڵکی رۆژئاوای کوردستان شایستەی ئەم کۆبوونەوەیەن
بەشێک لە گەنجانی بەشداربوو پێیانوایە ماوەیەکی زۆرە قامشلۆ کۆبوونەوەیەکی وەهای بەخۆیەوە نەبینیوە.
ئەڤین عەباس، یەکێک لەو هاونیشتمانییانەی بەشداری لە ئاهەنگەکەدا کرد، گوتی: "خەڵکی رۆژئاوا شایستەی ئەم کۆبوونەوەیەن. دوای ئەو هەموو ناخۆشی و سەختییانە، پێویستیان بە کەمێک حەوانەوە و ئارامییە."
بەشداربوویەکی دیکە بەناوی میلاد عەباس گوتی: "ئێمە بە بینینی ئەم کوردانە دڵخۆشین، دەمانەوێت هەموو ساڵێک کاری لەم شێوەیە بکرێت."
نووری فازڵ لەبارەی ئەو هونەرمەندانە قسەی کرد کە لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارییان کرد و گوتی: "ئەو هونەرمەندانەی هاتوون، دەنگیان زۆر خۆشە! دەمانەوێت جاری داهاتوو ڤیندار، عادل و حزنی بێن."
فێستیڤاڵەکە 4ـی ئەم مانگە دەستیپێکرد و تاوەکو 8ـی مانگ بەردەوام بوو.
بەشداربووان بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی، دروستکردنی پەیوەندی، دۆزینەوەی دەرفەتی کار و ناسینی یەکدی لەم شوێنە کۆبوونەتەوە.


