رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.5 پلەی رێختەر لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان روویدا.
سهرۆكایهتیی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاوی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە، کاژێر 03:42 خولەکی ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی ئابی 2026، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.5 پلەی رێختەر لە سنووری شارۆچکەی نورداغ سەر بە پارێزگای دیلۆک روویدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 7.44 کم تۆمارکراوە.
ئافاد دەڵێ، بوومەلەرزەکە لە پارێزگاکانی کیلیس و مەرەشی باکووری کوردستان، هەروەها عوسمانییە و هاتای تورکیا هەستی پێکراوە.
ساڵانە چەندینجار بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا روودەدات.
یەکێک لە بەهێزترین و وێرانکارترینی بوومەلەرزەکان کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوباتی 2023 بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەش بوو، روویدا کە 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 537 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 213 کەسی دیکە برینداربوون.
بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 5 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.



