رووداو دیجیتاڵ
لە شاری سلێمانی سێیەمین فێستیڤاڵی شاجوانی پشیلە بە بەشداریی زیاتر لە 100 پشیلە بەڕێوەچوو. تێیدا لەسەر بنەمای جوانی و تەندروستی، شاجوان و هاوەڵەکانی دەستنیشانکران.
فێستیڤاڵەکە کێبڕکێیەکی بەهێز بوو لەنێوان خاوەن پشیلەکان هەریەکەیان هیوای خواستبوو پشیلەکەی نازناوی یەکەم بەدەستبهێنێت. پرۆسەی هەڵبژاردنی براوەکانیش تەنیا لەسەر رۆژی فێستیڤاڵەکە نەوەستابوو، بەڵکو بۆ ماوەی هەفتەیەک لە رێگەی لایککردنی وێنەی پشیلەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و دواتریش لە رۆژی فێستیڤاڵەکەدا لەلایەن لیژنەیەکی پزیشکییەوە، پشکنین بۆ پشیلەکان کرا.
پێوەرە سەرەکییەکانی لیژنە پزیشکییەکە بۆ دیاریکردنی براوەکان، بریتی بوون لە "کەشخەیی" و "تەندروستبوونی پشیلەکە".
راسان ئاراس، خاوەنی پشیلەیەکی بەشداربوو پلەی هاوەڵی شاجوانی بەدەستهێنا، بە رووداوی گوت: "پشیلەکەم ناوی ورچەیە و تەمەنی ساڵێکە، لە جۆری بریتش لۆنگ هەیرە. هەموو پشیلە بەشداربووەکان لای من باشترین و جوانترینن."
جگە لە نازناوی شاجوان، خەڵاتی "تەندروستترین پشیلە"ش یەکێکی دیکە بوو لە کێبڕکێکان. هێڤی حوسێن، پشیلەکەی پلەی یەکەمی لە رووی تەندروستییەوە بەدەستهێنا، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی: "ئەم پشیلەیە چوار ساڵە لەلای منە. داوا لە خەڵک دەکەم ئەگەر پشیلە و ئاژەڵیش بەخێو ناکەن، ئازاریان مەدەن."
سەنا حوسێن بە سێ پشیلەوە بەشداریی کردبوو، هەرچەندە هیچ کام لە پشیلەکانی پلەی یەکەمیان بەدەستنەهێنا، بەڵام گوتی: "لای من ئەوان هەر یەکەم و شاجوانن."
خەڵاتەکانی فێستیڤاڵەکە جیاواز بوون و بڕی پارەی تێدا نەبوو، بەڵکو پێکهاتبوون لە دابینکردنی خۆراک، پشکنینی پزیشکی و دەرمانی بێبەرامبەر بۆ پشیلە براوەکان، لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و کلینیکە ڤێتێرنەرییەکانەوە دابینکرابوون.


