رووداو دیجیتاڵ
بۆ جاری دووەم پێشبڕکێی راکێشانی ئۆتۆمبێل لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی ئەمریکی و چینی بەڕێوەچوو. ئەمجارە فۆرد راپتۆر توانی شکستی گەڕی یەکەم لەبیر بکات و لە "لیۆپارد 5" بباتەوە.
پێشبڕکێکە لە گوندی هەمزە کۆرەی سەر بە قەزای قوشتەپە لە باشووری هەولێر بەڕێوەچوو. شوێنەکە مێژوویەکی کۆنی لەگەڵ دەستەواژەی "هەرای هەمزە کۆرە" هەیە کورد بۆ کاتی دەنگەدەنگ و ئاژاوەی نێوخۆیی بەکاری دەهێنێت، هەرای ئەمڕۆش کەمتر نەبوو لەوەی مێژوو باسی دەکات.
لە کێبڕکێکەدا، فۆرد راپتۆری ئەمریکی و لیۆپاردی پێنجی (BYD) چینی، پشت لە یەک و بە بەستنەوەی زنجیر، هێزی خۆیان تاقیکردەوە. لە کەمتر لە نیو خولەکدا، فۆرد راپتۆرەکە توانی ئۆتۆمبێلە چینییەکە رابکێشێت و سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
تاکتیک یان فێڵ؟
شیروان سلێمانی، شۆفێری ئۆتۆمبێلە ئەمریکییە براوەکە، هۆکاری سەرکەوتنی بۆ شارەزایی خۆی گەڕاندەوە و گوتی: "هەموو شتێک لێزانین و تاکتیکە، من لەم رکابەرییەدا تاکتیکم بەکارهێنا، بۆیە توانیم بیبەمەوە."
بارۆ فۆرد، خاوەنی ئۆتۆمبێلە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کرد لە جاری پێشوودا کێشی ئۆتۆمبێلە چینییەکە 500 کیلۆگرام زیاتر بووە، بۆیە ئەمجارە کێشی ئۆتۆمبێلەکەی خۆیان زیاد کردووە و شۆفێرەکەیان گۆڕیوە تاوەکو دادپەروەری هەبێت.
بەڵام لایەنگرانی ئۆتۆمبێلە چینییەکە ئەنجامەکەیان بە دڵ نەبوو. هێمن کەریم، شۆفێری ئۆتۆمبێلە چینییەکە، رکابەرەکانی بە "فێڵکردن" تۆمەتبار کرد و گوتی: "شۆفێرەکەی ئێمە زۆر باش نەبوو، هەروەها برادەرانی ئۆتۆمبێلە ئەمریکییەکە فەردە لمیان خستبووە ناو ئۆتۆمبێلەکەیان و زۆر قورستریان کردبوو، ئەوان فێڵیان کرد."
هێز و بزوێنەر
لە رووی تەکنیکییەوە، جیاوازییەکی زۆر لەنێوان هەردوو ئۆتۆمبێلەکەدا هەیە: فۆرد راپتۆر: بزوێنەرێکی 3.5 لیتری تۆربۆی هەیە و هێزەکەی 450 ئەسپە. لیۆپارد 5 (BYD): بزوێنەرێکی 1.5 لیتری هایبرید (کارەبایی) هەیە و هێزەکەی 680 ئەسپە.
سەرەڕای ئەوەی هێزی ئەسپی ئۆتۆمبێلە چینییەکە زیاتر بوو، بەڵام لە مەیدانەکەدا نەیتوانی بەرگەی کێشی و تاکتیکی راپتۆرەکە بگرێت.
باوەڕی شۆفێران بە ئۆتۆمبێلی چینی
ئەنجامی ئەم پێشبڕکێیە مشتومڕی لەسەر جۆر و کوالیتی ئۆتۆمبێلی چینی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر کرد. زریان ئەمریکانۆ، یەکێک لە هەوادارانی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی، پێی وایە کڕینی ئۆتۆمبێلی چینی سەرکێشییە و دەڵێت: "ئۆتۆمبێلی چینی قەت ناتوانێت وەکو ئەمریکی، ئەڵمانی و یابانی خۆراگر بێت."
دارای حاجی شاخەوان، یەکێکی دیکە لە شۆفێرەکان، بە زمانێکی زبرتر وەسفی کوالیتییەکەی کرد و گوتی: "بە هیچ جۆرێک چینی دەرەقەتی ئەمریکی نایەت، تەنانەت ئەگەر مریشکی سووریش لە ئەمریکاوە بێت، لای من لە چینی باشترە."
ئەمە دووەم رووبەڕووبوونەوەی ئەم دوو جۆرە بوو لە هەولێر، لە گەڕی یەکەمدا ئۆتۆمبێلە چینییەکە سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو، بەڵام لە "هەرای هەمزە کۆرە"دا، ئەمریکییەکە هاوسەنگییەکەی بۆ بەرژەوەندی خۆی گۆڕی.


