رووداو دیجیتاڵ
مۆندیالی یارییە ئەلیکترۆنییەکان بۆ یاریی پەبجیی مۆبایل (PMWC) بۆ ساڵی 2026 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دەستیپێکرد. لەم پاڵەوانێتییە جیهانییەدا کە 32 لە باشترین تیمەکانی جیهان بەشدارن، تیمێکی کوردستانی بەناوی (721 GS Esports) نوێنەرایەتیی کوردستان و عێراق دەکات و کێبڕکێ لەسەر خەڵاتێکی گەورە دەکات کە بڕەکەی زیاترە لە سێ ملیۆن دۆلار.
پاڵەوانێتییەکە کە لە 6 تاوەکو 9ـی ئاب قۆناخی کۆمەڵەکانی بەڕێوەدەچێت، تیمەکان بەسەر دوو کۆمەڵەدا (A و B) دابەشکراون، کە تیمی 721ـی کوردی دەکەوێتە کۆمەڵەی دووەمەوە.
هەر تیمێک 12 یاری دەکات، پێنج تیمی یەکەمی هەر کۆمەڵەیەک راستەوخۆ دەگەنە یاریی کۆتایی (Grand Finals)، ئەو تیمانەش کە پلەکانی 6 تاوەکو 13 دەگرن، دەچنە قۆناخی مانەوە (Survival Stage) بۆ بەدەستهێنانی دوایین هەلی گەیشتن بە یاریی کۆتایی.
ئاستەنگ و ئامانجەکانی تیمی 721ـی کوردی
بڕوا، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی تیمی 721ـی کوردی لە پاریسەوە بە زنار شینۆ، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، گەیشتن بەم پاڵەوانێتییە جیهانییە دەستکەوتێکی گەورەیە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا چەند یارییەکیان کردووە و هەرچەندە خاڵەکانیان لە قۆناخی سەرەتادا زۆر بەرز نییە، بەڵام هیوایەکی زۆریان بە یارییەکانی داهاتوو هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە یاریی کۆتایی یان لانیکەم قۆناخی مانەوە.
یەکێک لەو ئاستەنگە گەورانەی رووبەڕووی تیمی 721 و یاریزانە کوردەکان بووەتەوە، گۆڕینی ئامێری یاریکردنە. بڕوا گوتی: "لە کوردستان یاریزانەکانمان بە ئامێری ئایفۆن یاری دەکەن، بەڵام لێرە بەهۆی سپۆنسەرەکانەوە، دەبێت بە مۆبایلی سیستمی ئەندرۆید (وەک جی تی، گالاکسی یان ئینفینێکس) یاری بکەن، ئەمەش جیاوازییەکی زۆری هەیە و کەمێک کاریگەری لەسەر ئاستیان دروستکردووە." جگە لەوەش، جەنجاڵی، کامێرا و قەرەباڵخیی هۆڵەکە سترێس و پاڵەپەستۆیەکی دەروونی بۆ یاریزانەکان دروستکردووە کە زۆربەیان یەکەم جارە لەسەر شانۆی وا گەورە یاری دەکەن.
"ئەمە تەنیا یاری نییە، پیشە و سەرچاوەی بژێوییە"
عەلیکۆ، تەمەن 18 ساڵ، کە سەرکردەی تیمی 721ـە و خەڵکی هەرێمی کوردستانە، باس لە گۆڕانکاریی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکات. ئەو پێیوایە ئی-سپۆرت (Esports) چیدی تەنیا کات بەسەربردن نییە.
عەلیکۆ گوتی: "ئەمە پیشەی ئێمەیە و کاری ئێمەیە. ئێمە مووچەمان هەیە و گرێبەستی پرۆفیشناڵمان لەگەڵ کۆمپانیاکاندا هەیە، رێک وەک یاریزانێکی تۆپی پێ." ئەو گەنجە کوردە باس لەوەش دەکات کە بازاڕی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە کوردستان زۆر گەورە بووە و چەندین تیمی بەهێزی دیکەی وەک (ئای کورد و کاوان) دروستبوون کە دەتوانن رکابەریی تیمە جیهانییەکان بکەن.
لەبارەی رکابەرەکانیشیانەوە لە کۆمەڵەی (B)، عەلیکۆ ئاماژەی بەوەکرد، تیمە بەشداربووەکان پاڵەوانی وڵاتەکانی خۆیانن، بەتایبەتی تیمی ئەلفا 7 (Alpha7)ـی بەرازیلی و چەند تیمێکی کۆری و ئیندۆنیزی، بەڵام گوتی، یاریزانە کوردەکانیش زۆر چوست و چالاکن و دەتوانن ئەنجامی باش بەدەستبهێنن.
زانیارییە گشتییەکانی پاڵەوانێتییەکە:
کاتی قۆناخی کۆمەڵەکان: 6 بۆ 9ـی ئاب
قۆناخی مانەوە (Survival): 11 بۆ 12ـی ئاب
یاریی کۆتایی: 14 بۆ 16ـی ئاب
کۆی خەڵاتەکان: 3 ملیۆن و 25 هەزار دۆلاری ئەمریکی
ژمارەی تیمەکان: 32 تیم لە زیاتر لە 200 وڵات و ناوچەی جیهانەوە.
.png&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)