رووداو دیجیتاڵ
بۆ ئیسماعیل و هاوڕێکانی، پۆبجی تەنیا یاری و کاتبەسەربردن نییە، ئەوان رۆژانە زیاتر لە 10 کاژێر چاویان لەسەر شاشەی مۆبایلەکانیانە و جیهانێکیان بۆ خۆیان دروستکردووە تێیدا کات، پارە و ماندووبوونێکی زۆر دەبەخشن، تاوەکو ئاستی ئەکاونتەکانیان بگەیێننە لووتکە و دواتر وەکو بازرگانییەکی پڕ قازانج مامەڵەی پێوە بکەن.
ئیسماعیل عیسا، یاریزان و بازرگانی یاریی پۆبجی، باس لەوە دەکات خولیای ئەوان بۆ یارییەکە ئێستا بووەتە سەرچاوەی داهات. ئەو دەڵێت: "ئێمە داهاتێکمان لە کڕین و فرۆشتنی ئەکاونتەکان دەستدەکەوێت. هەر کەسێک بیەوێت ئەکاونتەکەی بفرۆشێت، لێی دەکڕینەوە و بە گەرەنتییەوە دەیفرۆشینەوە بە کەسێکی دیکە. بۆ ئەم مەبەستەش لە هەموو شارەکان نوێنەر و کەفیلمان هەیە."
لە ساڵی 2018وە کاتێک یاریی پۆبجی بە شێوەیەکی جیهانی بڵاوبووەوە، وردە وردە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئەکاونت، لۆگۆ، چەک و جلوبەرگە تایبەتەکانی ناو یارییەکە گەرم بوو، ئێستا ئەمە تەنیا یارییەک نییە، بەڵکو بازاڕێکی گەورەی نێودەوڵەتییە.
محەممەد سەلاح، یاریزان و بازرگانێکی دیکەی ئەم بوارەیە، ئاماژە بەوە دەکات سنووری مامەڵەکانیان تەنیا ناوخۆی کوردستان نییە. ئەو دەڵێت: "لە ناوخۆدا زیاتر بە شێوەی رووبەڕوو یان لە رێگەی (FIB) و هەژمارە بانکییەکانەوە مامەڵە دەکەین، بەڵام بۆ دەرەوەی وڵات، زیاتر (USDT) یان حەواڵە بەکاردێنین."
سەبارەت بە نرخی ئەکاونتەکان، محەممەد ئاشکرای دەکات نرخەکان خەیاڵین و دەڵێت: "ئەو ئەکاونتەی ئێستا لەلای منە، 9 هەزار و 500 دۆلاری پێدراوە، بەڵام گرانترین ئەکاونت تاوەکو ئێستا فرۆشتبێتم، بە 20 هەزار و 200 دۆلار بووە."
تەنیا کورد و عەرەب لەم بازاڕەدا نین، بەڵکو وەکو بڕیار عەبدولڵا،ئەویش یاریزان و بازرگانە، دەڵێت: "کڕیارمان لە تورکیا، پاکستان، بەرازیل و چەندین وڵاتی دیکەوە هەیە. داواکارییەکانیش بەپێی ویستی کڕیارەکان دەگۆڕدرێن، بەتایبەت ئەو بەشەی کۆمپانیا زیادی کردووە بە 'Collection' ناسراوە و ئاستی ئەکاونتەکە بەرز دەکاتەوە."
یەکێکی دیکە لە رەهەندە داراییەکانی ئەم یارییە، کڕینی "یو سی - UC"ـە، دراوی فەرمیی ناو یارییەکەیە. بەختیار وشیار، فرۆشیاری یو سییە، نرخەکان روون دەکاتەوە: "360 یو سی بە 8 هەزار دینارە و 720 یو سیش بە 16 هەزار دینارە. بەڵام کڕیار هەبووە بە یەکجار بە بڕی 500 بۆ 600 دۆلار یو سی بۆ داخڵ کردووە تەنیا بۆ ئەوەی جلوبەرگ یان سکینێکی (شێوەی چەک) دەستبکەوێت."
لەکاتێکدا لە ناوخۆدا پۆبجی وەکو بازرگانی دەبینرێت، لەسەر ئاستی جیهانیش وەکو وەرزشێکی ئەلیکترۆنی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. رۆژی 6ی ئاب، خولی نێودەوڵەتیی جامی جیهانیی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە فەڕەنسا دەستیپێکرد. کۆی خەڵاتەکانی ئەو پاڵەوانێتییە 3 ملیۆن دۆلارە و تیمێکی چوار کەسیی کوردستانیش لەنێو بەشداربووەکاندایە، هەوڵی بەدەستهێنانی نازناوێکی جیهانی دەدەن.


.png&w=3840&q=75)