رووداو دیجیتاڵ
بە دروشمی (لە تەتوان کولتوور هەیە، هونەر هەیە، ئێمە هەین) 58ـەمین فێستیڤاڵی کولتووریی تەتوان لە پارێزگای بەدلیسی باکووری کوردستان بەردەوامە و بڕیارە یەکشەممە بە کۆنسێرتێکی گەورە کۆتایی بێت.
فێستیڤاڵەکە 31ـی تەممووزی 2026 لە شارۆچکەی تەتوانی سەر بە پارێزگای بەدلیسی باکووری کوردستان دەستیپێکرد و بڕیارە ئێوارەی 9ـی ئابی 2026 کۆتایی بێت.
بە شایی و هەڵپەڕکێی کوردی، نمایش و چالاکیی جۆراوجۆر فێستیڤاڵەکە دەوڵەمەند کرا.
لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆنسێرت و هەڵپەڕکێی کوردی، بەشێک لە بەشداربووان قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد. یەکێک لەو ژنانەی بەشداریی لە فێستیڤاڵەکە کردبوو گوتی: "زۆر دڵخۆشم بەو فێستیڤاڵە، چونکە مرۆڤ لێرە دەبینێت کە کولتووری کوردی چەندە دەوڵەمەند و رەنگینە! ئەم دووبارە درک کردنە شتێکی زۆر خۆشە، من خۆشحاڵم کە بەشێکم لەم فێستیڤاڵە."
هەروەها یەکێک لەو ژنە هونەرمەندانەی لەسەر سەکۆی فێستیڤاڵەکەدا گۆرانیی گوت، کە تێیدا شایی و هەڵپەڕکێی کوردی دەکرا، قسەی بۆ مایکی رووداو کرد و گوتی: "ژنانی کورد خاوەن کولتوورێکی دەوڵەمەندن و چرایەکی رۆشنکەرەوەیان لەدەستە."
زۆربەی ئەو ژنانەی قسەیان بۆ رووداو کرد، شەوەکەیان بە (شەوی ژنان) پێناسە کرد. ژنێکی دیکە کە لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستانەوە بۆ بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکە چووبووە تەتوان گوتی: "من لە ئێلیهەوە هاتووم و زۆر دڵخۆشم کە لەم کەشە ناوازەیەدام." ئینجا سڵاوی بۆ ژنانی هەموو کوردستان نارد.
بەشێکیان دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی)یان گوتەوە و دڵخۆشیی خۆیان دووپات کردەوە.
شەممە، 8ـی ئابی 2026، کە هەشتەمین رۆژی فێستیڤاڵەکە بوو، بەشداربووان سەردانی دەریاچە گڕکانییەکانی نەمرودیان کرد و دواتریش بە پانێڵی (مێژوو، زمان و ئەدەبی کوردی) درێژەیان بە چالاکییەکان دا.
ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران و هاونیشتمانییان بەشدارییان لەو پانێڵەدا کرد کە لە پێشانگەی کتێب سازکرا.
ئەحمەد تامیر رێکخەری پانێڵەکە بوو کە تێیدا نووسەرانی کورد؛ دیبا کەسکین، وەیسی ڤارلی، لەیلانا سدیق و میرزا محەمەد شەروی وەک پانێڵیست بەشدار بوون.
پلانی دوایین رۆژی فێستیڤاڵەکە
یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، کە دوایین رۆژی فێستیڤاڵەکەیە، کۆنسێرتێکی گەورە سازدەکرێت.
کاژێر هەشتی ئێوارە کۆنسێرتەکە لە گۆڕەپانی چالاکییەکانی کەناراوی بەدلیس دەستپێدەکات. لەو کۆنسێرتەدا گرووپی ئامەد و ئیلکای ئاککایا دەڕۆنە سەر سەکۆ و چەند بەرهەمێک پێشکێشی ئامادەبووان دەکەن.
دوای ئەو کۆنسێرتە 58ـەمین فێستیڤاڵی کولتووریی تەتوان کۆتایی دێت.
.png&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)