رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئەوەی مەریوان وەک پڕبارانترین شاری ئێران دەستنیشانکراوە، بەڵام بەهۆی کەموکوڕی و کێشەی تەکنیکییەوە، ئاوی خواردنەوەی 13 گەڕەکی ئەو شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان بڕدراوە.
رۆژی هەینی، 7ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی شاری مەریوان لە راگەیێندراوێکدا کێشەکەی بۆ "کێشەی تەکنیکی لە وێستگەی پۆمپکردنی ئاوی نێ" گەڕاندەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "تاوەکو کاتی چاککردنەوەی کێشەکە، هاونیشتمانییانی دانیشتووی زۆنی باشووری شارەکە رووبەڕووی بڕان و دابەزینی پەستانی ئاو دەبنەوە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، بەهۆی کێشەکەوە ئاوی 13 گەڕەکی شارەکە بڕدراوە کە بریتین لە: گەڕەکی مەیدانی جیهاد، گەڕەکی نەورۆز، نۆبەهار، گەڕەکی شەهیدان، تەرخاناوا، مەردۆخ، تێرمیناڵی کۆن، گەڕەکی زاگرۆس، تەفینییەکان، مەیدانی بار، میانییەکان، بەشێک لە دانیشتووانی سەردۆش و بازنەیی موعەلیم.
هاوکات، ژمارەیەک لە دانیشتووانی مەریوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نیگەرانیی خۆیان لە بەردەوامیی بڕانی ئاو دەربڕیوە، بەشێک لە هاونیشتمانییانی گەڕەکی (مەیدانی بار) دەڵێن، ماوەی هەفتەیەکە ئاویان بڕدراوە و سەرجەم بەدواداچوونەکانیشیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بێئەنجام بووە.
ئەم قەیرانی بڕانی ئاوە لەکاتێکدایە، کە بەپێی ئاماری فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ئێران، ئەمساڵ مەریوان بە تۆمارکردنی یەک هەزار و 585 ملیمەتر بارانبارین، وەک پڕبارانترین شاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستنیشانکرا.


