رووداو دیجیتاڵ
وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان، بڕیاری نۆژەنکردنەوە و نوێکردنەوەی مەدرەسەی مێژوویی فەقێ تەیرانی دا.
محەممەد نوری ئەرسۆی، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا لە ئاهەنگێکدا لە شرنەخ رایگەیاند، بڕیاری نۆژەنکردنەوەی مەدرەسەی فەقێ تەیرانی داوە و گوتی: "پەیوەندیم بە بەڕێوەبەری گشتیی وەقفەکانەوە کردووە و فەرمانم داوە کارەکانی تایبەت بە مەدرەسەکە دەستپێبکەن. پەنا بەخوا بە خێرایی کارەکان تەواو دەکەین."
پێشتر ئەرسلان تاتار، پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە شرنەخ، چەند جارێک داوای نۆژەنکردنەوەی ئەو مەدرەسەیەی لە حکومەتی تورکیا کردبوو.
مەدرەسەی فەقێ تەیران دەکەوێتە سنووری گوندی کەراشا قەزای باسا لە پارێزگای شرنەخ، تەمەنی نزیکەی 500 ساڵە.
بڕیارە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەکەی بەپێی شێوازە مێژووییەکەی خۆی جێبەجێ بکرێت تاوەکو بخرێتە خزمەت گەشتوگوزاری رۆشنبیری لە ناوچەکەدا.
فەقێ تەیران (1563-1641) یەکێکە لە ناودارترین شاعیرەکانی ئەدەبی کلاسیکی کوردی و بیرمەندەکانی هزری ئیسلامی لە ناوچەکەدا.
مەدرەسەکەی لە شرنەخی باکووری کوردستان وەک ناوەندێکی گرنگی کۆتاییەکانی سەدەی ناوەڕاست بۆ خوێندن و ئەدەب سەیر دەکرێت.
پاراستن و نوێکردنەوەی ئەم شوێنە مێژووییانە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی تورکیاوە لە چوارچێوەی پرۆژەکانی بەگەڕخستنەوەی کەلەپووری کۆن و گەشەپێدانی گەشتوگوزارە لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان.



.jpg&w=3840&q=75)