رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رێگری لە گواستنەوە و هەناردەکردنی مریشک بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق، خاوەن پەلەوەرخانەکانی گەرمیان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە و هەزاران مریشکیان لەنێو کێڵگەکاندا مردار دەبنەوە. خاوەن کێڵگەکان لەبەردەم دادگەی کەلار گردبوونەوە و سکاڵای یاساییان لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان تۆمار کرد.
لە یەکێک لە پەلەوەرخانەکانی کەلار، زیاتر لە 17 هەزار مریشک لەنێو کێڵگەکەیدا ماوەتەوە. بەهۆی ئەوەی رێگەیان پێنادرێت بەرهەمەکانیان بۆ پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین هەناردە بکەن، لە هەر کاژێرێکدا ژمارەیەکی زۆریان تیا دەچن، ئەوەش زیانێکی دارایی گەورەی بە خاوەنەکانیان گەیاندووە.
ئارام عەبدوڵڵا، خاوەنی یەکێک لە پەلەوەرخانەکان، لە کاتی گردبوونەوەکەی بەردەم دادگەی کەلار بە رووداوی راگەیاند: "سکاڵا لەسەر ئەو لایەنانە تۆمار دەکەین کە بەرپرسن و گوێمان لێ ناگرن، چونکە تووشی زیانی زۆریان کردووین. سکاڵاکەمان لەسەر ئیدارەی گەرمیان، ڤێتێرنەری، ئاسایشی ئابووری و کشتوکاڵە."
خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان لە نێوان تێچووی زۆری بەرهەمهێنان و رێگرییەکانی هەناردەکردندا ماونەتەوە. ئەوان هۆشداری دەدەن ئەگەر بە زوویی رێگەی گواستنەوەی مریشک بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق نەکرێتەوە، نەک تەنیا مریشکەکانیان، بەڵکو کەرتی پەلەوەر لە تەواوی ناوچەکەدا رووبەڕووی هەرەسهێنان دەبێتەوە.
عومران مەحموود، خاوەن پەلەوەرخانەیەکی دیکە دەڵێت: "مریشکەکەیان قەدەخە کردووە، نرخەکەی دابەزیوە بۆ 2400 دینار، لە کاتێکدا پێشتر لیژنەی کشتوکاڵ نرخی یەک کیلۆ مریشکی بە 2400 بۆ 2650 دینار تەنیا وەکو تێچوو خەمڵاندووە."
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا نرخی یەک کیلۆ مریشک لە نێوان 3 هەزار بۆ 3 هەزار و 500 دیناردایە، بەڵام بەهۆی رێگرییەکان و ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان، خاوەن کێڵگەکان ناتوانن تێچووی بەرهەمهێنانیش بگەڕێننەوە.


.jpg&w=3840&q=75)