رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، هەوڵی تیرۆرکردنی موکریی یەزدانپەنا، کوڕی حوسێن یەزدانپەنا، سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان دراوە.
ئەدیب خالیدیان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ئازادیی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانیی رۆژی رابردوو، سیخوڕێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەوڵێکی تیرۆریستیدا تەقەی لە موکریی یەزدانپەنا کرد".
ئەدیب خالیدیان گوتی، موکریی یەزدانپەنا بریندارە و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.
بە گوتەی ئەدیب خالیدیان، موکریی یەزدانپەنا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سوپای میللیی کوردستان، لە نزیک ماڵەکەی خۆی لە هەولێر هەوڵی کوشتنی دراوە.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پاک رایگەیاند: "جگە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ لایەنێکی دیکە بە دووژمنی خۆمان نازانین. بۆیە هەر رووداوێکی هاوشێوە رووبدات، کۆماری ئیسلامی بە ئەنجامدەری سەرەکیی دەزانین."
ئەدیب خالیدیان گوتی: "ئەم هەوڵەی کۆماری ئیسلامیی لە کاتێکدایە کە مانگی رابردووش ئەندامێکمان بە ناوی سۆران محەممەدزادە لە ماڵەکەی خۆیدا تیرۆرکرا و کۆماری ئیسلامییش بەرپرسیارەتیی رووداوەکەی لەئەستۆ گرت."
.png&w=3840&q=75)


