رووداو دیجیتاڵ
بارەگای بارزانی دەڵێت، رۆژی دووشەممە 3ی ئابی 2026 سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە پاتریارک مار پۆلسی سێیەم نونا پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان کرد.
دەشڵێت، "لە دیدارەکەدا پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ پاراستن و پشتیوانیکردنی ماف و داواکاریی مەسیحییەکان و سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و رۆڵی باوکانەی سەرۆک بارزانی لە قووڵکردنی برایەتی و تەبایی و فەرهەنگی پێکەوەژیان و پاڵپشتیکردنی پێکهاتەکان بەرز نرخاند".
ئاماژە بەوەش دەکات، "هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە قوربانیدان و خەباتی هاوبەشی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە جێگەی شانازییە لە کوردستان فەرهەنگی پێکەوەژیان بوونی هەیە و هەموومان لە خۆشی و ناخۆشیی یەکتردا هاوسۆز و هاوبەشین و کوردستان لانکەی پێکەوەژیان و برایەتی و تەبایی دەمێنێتەوە".



