رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی، پێشوازیی لە عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری گوتی: "چوار ئامانجی سەرەکیمان لەو کۆبوونەوەیە هەبوو."
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە، لە پیرمام بەڕێوەچوو. عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامانجێکی سەردانەکەمان بۆ تاوتوێکردنی ئەم بارودۆخەی ئێستا بوو، بە دیاریکراوی قەیرانی ئابووری، بازاڕ و کێشەی خەڵک."
لەکۆبوونەوەکەدا هۆشیار زێباری و مەحموود محەممەد، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و عەبدولستار مەجید، یاسین حەسەن و ئەنوەر سەنگاوی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و فەخرەدین قادر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئامادە بوون.
عەبدولستار مەجید گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا باسی ناتەبایی نێوان حیزبەکان و پەیوەندییە نائاساییەکانیانمان کرد و پێشنیازێکمان کرد بۆ کۆبوونەوەیەکی هەمەلایەنەی حیزبەکان و چاوەڕوانی ئەنجامەکەی دەکەین."
دوایین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و کۆمەڵ، لە 20ی ئاداری رابردوو بوو. عەبدولستار مەجید گوتی: "ماوەیەکی زۆر بوو لە ئاساتی کەسانەی یەکەم کۆبوونەوەمان نەکردبوو، هەردوولا پێیان باشبوو ئەم کۆبوونەوە رێکبخرێ بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکان."


