رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 160 کەس لە کەسوکاری شەهیدان لە کەرکووک کە بەشێکیان کوردن، دۆسیەکانیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی دەرکراوانی سیاسییەوە رەت دەکرێتەوە و بەو جۆرە لە دامەزراندن و خانەنشینکردن سوودمەند نابن. بەگوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگا، پاساوی رەتکردنەوەیان ئەوەیە کە وەک شەهیدی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتیی دەرکراوانی سیاسیی عێراق ناوی زیاتر لە 160 کەسی لە کەرکووک رەتکردووەتەوە کە کەسوکاری شەهیدانی پارێزگاکەن، بەوەش بێبەش دەبن لە ئیمتیازاتی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە کە بریتییە لە گەڕاندنەوەیان بۆ خزمەت و خانەنشینکردنیان. ئەمانە لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی عێراق بەهۆی ئەوەی کەسوکاریان پێشمەرگە بووە، لە خزمەتی فەرمیی دەوڵەت دەرکراون".
بەگوێرەی رێکارەکانی حکومەتی عێراق، کەسوکاری شەهیدان تاوەکو پلە چوار کە بە پاڵنەری سیاسی و بەهۆی کەسوکاری شەهیدیانەوە لە ئەرکی حکومی دەرکراون، دەگەڕێنەوە و خانەنشین دەکرێن، ئەوەش وەک قەرەبوویەک بۆ ئەو زیانەی دەسەڵاتی پێشووی عێراق لێی داون.
عەبدوڵا میروەیس رایگەیاند، بەشێک لەو 160 کەسەی داواکەیان رەتکراوەتەوە هاونیشتمانیی کەرکووکن و پاساوی دوورخستنەوەیان ئەوە بووە کە شەهیدەکانیان سەر بە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستانن و لەلایەن دامەزراوەی شەهیدانی عێراقەوە تۆمارنەکراون.
بەڕێوەبەرایەتیی دەرکراوانی سیاسی سەر بە ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، کە ناوبەناو ناوی ئەو کەسانە بڵاو دەکاتەوە کەسوکاری شەهیدانن و پێشنیازیان کردووە بۆ ئەوەی بڕیاری گەڕاندنەوە و خانەنشینکردنیان بۆ دەربچێت.
دوایین ژمارەی ناوى کەسوکارى شەهیدان کە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بڵاویکردووەتەوە، لە 30ی تەممووزدا بوو کە 5275 کەس بوون و زۆرینەیان لە پارێزگاکانی بەسرە، کەربەلا و سەلاحەدین بوون و بەشێکیان رەتکراونەتەوە.



