رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و شاندی یاوەری کرد. بەپێی مەکتەبی راگەیاندنی عەلی باپیر، باس لە پێویستیی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لووتکەی لایەنە سیاسییەکان کراوە.
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 03-08-2026 بە یاوەریی شاندێکی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانیی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیاندنی مەکتەبی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، "گفتوگۆ لەبارەی بەردەوامیی قەیرانەکانی مووچە، نرخی سووتەمەنی و بارودۆخی ژیانی هاووڵاتییان کرا و جەخت لە دۆزینەوەی رێگەی چارەسەری گونجاو کرایەوە."
وەکو لە راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دا هاتووە، "پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون، ئەم ئەرکە وەک بەرپرسیارێتییەکی گشتی و کارێکی لەپێشینە باسی لێوەکرا، بۆ ئەمەش جەخت لەسەر گرنگیی تەبایی و سازانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پێویستیی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لووتکە تاوتوێ کران."
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بەپێی مەکتەبی راگەیاندنی عەلی باپیر، باس لە گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵی دادگەری و پارتی دیموکراتی کوردستانیش کراوە.

