رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی رۆژی دووشەممە، 3ی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی
کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لە کۆشکی گەل،
لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە پێشوازیی لێکرا و کۆبوونەوە.
لە پرۆتۆکۆلی پێشوازییەکەدا لە کۆشکی گەل، بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازیی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا. بەر لە گەیشتنەکەش، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتى فەرمیی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا سەردانی دیمەشق دەکات.
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی سووریا پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاسۆکانی هاريکاریی هاوبەش و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن.
"نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی لە تێکەڵبوونەوەی هەسەدە لەگەڵ دەوڵەتی
سووریا دەکات"
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دیدارەکەی نێچیرڤان
بارزانی و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، چەند زانیارییەکی ئاشکرا کرد و رایگەیاند،
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵخۆشیی خۆی بۆ ئەو گۆڕانکارییانە دەربڕیوە کە لە سووریا هاتوونەتە
ئاراوە.
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بە راشکاوی باسی پرسی هاوبەشیی
ئابووری و ئەمنی لە نێوان هەولێر و دیمەشق کراوە و "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە
سەرەتاوە هاریکار بووە بۆ نزیکبوونەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی
سووریا، تاوەکو بگەنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی
کاریگەر دەگێڕێت و هاریکارە لە پڕۆسەی تێکەڵبوونەوەی هێزەکانی هەسەدە لە ناو دامەزراوەکانی
دەوڵەتی سووریادا. "ئەم هەنگاوە بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیری و گەیاندنی ئاستی
هاوئاهەنگییەکانە بۆ لووتکە تاوەکو چیدیکە مەترسیی جەنگ لە ناوچەکەدا نەمێنێت."
لە کۆبوونەوەکەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ئەحمەد شەرع دا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا ئامادە بوو.
سەرۆکایەتیی
کۆماری سووریا رایگەیاند، لە دیدارەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و رێگەکانی
بەهێزکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگی کرا، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا. هەروەها هەردوولا
دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولایان
تاوتوێ کرد تاوەکو ئاسایش و سەقامگیری و هاوکاریی ناوچەیی بگەیێندرێتە لووتکە.
"نێچیرڤان بارزانی تەنیا کەسە بتوانێت هاوسەنگیی نێوان هەموو پایتەختەکان
رابگرێت"
دکتۆر عادل باخەوان، سەرۆکی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق گوتی،
ئەم سەردانە لەم ساتەوەختەدا خاوەنی کۆمەڵێک بەهای سیاسی و جیۆپۆلیتیکییە کە لە ئاستی
لووتکەی گرنگی دان.
عادل باخەوان ئاماژەی بەوە کرد، ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
لە ناو ئاگر و ئاسندایە. "تەنیا 2 رۆژ پێش ئەم سەردانە، سووریا و عێراق لە خراپترین
دۆخی پەیوەندیدا بوون و دیمەشق هەڕەشەی لە بەغدا دەکرد، بەڵام ئامادەبوونی نێچیرڤان
بارزانی لە دیمەشق و ئەو پێشوازییە گەرمەی لێی کرا، مانا و گوزارشتی زۆر تایبەتی هەیە."
"نێچیرڤان بارزانی رۆڵی یەکلاکەرەوەی دەبێ
لەنێوان بەغدا و دیمەشق"
بە بڕوای عادل باخەوان، ئەم جۆرە سەردانانە هەمیشە بە هاوئاهەنگی نێوان هەولێر
و بەغدا دەکرێت؛ نێچیرڤان بارزانی و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوەختە گفتوگۆیان
لەسەر ئەم سەردانە کردووە و ئەجێنداکە لەلایەن هەردوو لاوە رێککەوتنی لەسەر کراوە.
عادل باخەوان جەختی کردەوە، بوونی نێچیرڤان بارزانی لەم ئاستەدا، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی
دەبێت لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان دیمەشق و بەغدا.
بە بڕوای عادل باخەوان، عێراق چیدیکە کارتی دیکەی لەبەردەستدا نییە کە بتوانێت
بەم شێوەیە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا رابگرێت، چونکە "نێچیرڤان بارزانی باشترین
پەیوەندیی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، کۆماری ئیسلامیی ئێران، تورکیا، سعودیە، وڵاتانی کەنداو
و بەتایبەتیش لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن و دۆناڵد ترەمپ هەیە."
سەرۆکی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق گوتیشی: "تۆڕی پەیوەندییەکانی
نێچیرڤان بارزانی لە تۆڕی جاڵجالۆکەیی دەچێت کە زۆر بەدەگمەن کەسێکی دیکە دەتوانێ لێی
تێبگات."
سەبارەت بە کاریگەریی ئەم سەردانە لەسەر رۆژئاوای کوردستان، دکتۆر عادل باخەوان
روونی کردەوە، دەبێت بە راشکاوی قسە بکەین و لە خەیاڵ دوور بکەوینەوە. ئەو هۆشداریی
دا کە ئەگەر رۆژئاوای کوردستان چاوەڕێی ئەوە بێت ئەمریکا لە بەرامبەر دیمەشقدا پشتیوانیی
بکات، ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە؛ چونکە واشنتن تەنیا بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدایە.
"نێچیرڤان بارزانی تاکە کەسە بتوانێ دۆخی
رۆژئاوا بەرەو سەقامگیری ببا"
باخەوان جەختی کردەوە، "تەنیا هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە جۆرێک لە جۆرەکان
هاوکاریی رۆژئاوای کوردستان بکات تاوەکو مافەکانیان نەفەوتێت." ئەو ئاماژەی بەوە
کرد کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکێکی دەستووری،
تەنیا کەسە بتوانێت لەم قۆناخــەدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیمەشق و پایتەختەکانی دەوروبەر،
دۆخی رۆژئاوا بەرەو سەقامگیری ببات.
عادل باخەوان ئاماژەی بەوە کرد، فەرەنسا و وڵاتانی ئەورووپاییـش پێداگری لەسەر
فرەیی دەکەن لە سووریای نوێدا. "ئێمە وەکو کورد دەبێت فێری عەقڵی ساردی دەوڵەتداری
ببین و بزانین بەرژەوەندییەکان لە کوێن تاوەکو چیدیکە نەبینە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان
و ئاسایشی وڵات بگەیێندرێتە لووتکە."
کیم ئیبراهیم: سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی هەنگاوێکی مێژووییە
کیم ئیبراهیم، ئەندامی
پەرلەمانی سووریا لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشق،
قسەی بۆ رووداو کرد و رایگەیاند، هەنگاوێکی مێژوویی و لەبارە بۆ پشتگیریکردن لە مافە
دەستوورییەکانی کورد لە وڵاتەکەدا.
ئەو ئاماژەی بەوە
کرد کە نێچیرڤان بارزانی وەک کەسایەتییەک کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لە لووتکەدایە
و دەتوانێت رۆڵێکی باڵا لە نزیککردنەوەی لایەنەکاندا بگێڕێت.
ئەم پەرلەمانتارە
کوردە ئاشکرای کرد، ئێستا 12 پەرلەمانتاری کورد لە ناو پەرلەمانی سووریادا هەن و بەیەکەوە
کار دەکەن بۆ جێگیرکردنی مافە نەتەوەییەکانیان لە دەستووری نوێدا. "ئێمە دەمانەوێ
کورد وەک هاوبەشێکی راستەقینە لە سووریادا ببینرێت و چیدیکە بوار بۆ پەراوێزخستنی زمان
و کولتووری کوردی نەمێنێت.

