رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی کۆبانێ بە رووداوی راگەیاند، پاڵپشتی لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ناساندنی ناوی کۆبانێ دەکەن.
سبەی لە سنووری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ بەفەرمیکردنی ناوی کۆبانێ و تۆمارکردنی ناوە کوردییەکانی گوندەکان لە تۆمارە فەرمییەکانی دەوڵەت دەستپێدەکات.
محەممەد محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی کۆبانێ لەمبارەیەوە بە رووداوی گوت، هەڵمەتەکە بە کۆکردنەوەی واژۆکان دەستپێدەکات و دوای تەواوکردنیان، پرۆسەیەکی کارگێڕیی فەرمی دەستپێدەکات.
بەگوتەی محەممەد محەممەد، دوای ئەوەی واژۆکان لەسەر ئاستی ناوچەکە پەسەنددەکرێن، رەوانەی پارێزگای حەلەب دەکرێن. دوای رەزامەندیی پارێزگاریش، داواکارییەکە بۆ وەزارەتی (بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێیی و ژینگە) دەکرێت تاوەکو وەزارەت لە کۆبوونەوەکانی خۆیدا بڕیاری کۆتایی بدات.
بەڕێوەبەری ناحیەی کۆبانێ جەختی لە گرنگیی پاراستنی ناسنامەی ناوچەکە و ناوی کۆبانێ کردەوە و رایگەیاند، "من خۆم دەمەوێت ناوی کۆبانێ لە تۆمارەکانی دەوڵەت بچەسپێندرێت و بپارێزرێت، چونکە کۆبانێ خاوەن ناوێکی تایبەتە."
محەممەد محەممەد ئاماژەی بۆ گۆڕینی ناوی گوندەکانی ناوچەکە کرد و داوایکرد هەموو ناوە کوردییەکان بۆ تۆمارە فەرمییەکان بگەڕێنەوە و لەمبارەیەوە گوتی، "پێویستە ناوەکان کوردی بن، نەک ناوی سەردەمی بەعس بن."
بەڕێوەبەری ناحیەی کۆبانێ گوتی، هیچ کەسێک دژی ناوی کۆبانێ نییە، تەنانەت پارێزگاری حەلەبیش دژی ناوی کۆبانێ نییە و گوتی، "ئێمە هەموومان پێیەوە سەربڵندین. کۆبانێ لە دڵی هەمووماندایە."

