رووداو دیجیتاڵ
لە یادی 12 ساڵەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بەهۆی كوردبوون و رەسەنایەتی و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی رق و رەفتاری نامرۆڤانەی تیرۆریستانی داعش و جینۆساید كران."
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 03-08-2026 بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو تاوانەی لەسەر دەستی داعش لە دەڤەری شنگال ئەنجام درا، درێژەكراوەی ئەو زنجیرە كارەسات و كۆمەڵكوژی و تاوانانە بوو كە بە درێژایی مێژوو دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون."
هەروەها لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی دووپاتی دەکاتەوە، "بە هەموو توانایەك پشتیوانی خواست و داواكارییەكانی کوردانی ئێزدیم. داوایان لێ دەكەم لەپێناو مسۆگەركردنی دواڕۆژی گەش، لەناو خۆیاندا یەكڕیز بن و هیوایان بە پاشەڕۆژ هەبێت. بێگومان، ئەو دۆخە سەپێنراو و نائاساییەی لە شنگالدا هەیە، تا سەر نابێت و دەبێت خوشک و برا ئێزیدییەکانمان بە سەربەرزییەوە بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان و قەرەبووی زیان و ئازارەكانیان بكرێت."
دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی لە ساڵیادی جینۆسایدكردنی ئێزیدییەكان لە شنگال:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش دوازدە ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا ئازارێكە بۆ تاهەتایە لە یادی كوردستانیاندا دەمێنێتەوە. ئێزیدییەكان بەهۆی كوردبوون و رەسەنایەتی و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی رق و رەفتاری نامرۆڤانەی تیرۆریستانی داعش و جینۆساید كران. ئەو تاوانەی لەسەر دەستی داعش لە دەڤەری شنگال ئەنجام درا درێژەكراوەی ئەو زنجیرە كارەسات و كۆمەڵكوژی و تاوانانە بوو كە بە درێژایی مێژوو دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون.
لە دوازدەهەمین ساڵیادی ئەو كارەساتەدا، سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە، سڵاو بۆ دلێری و چاونەترسیی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كە لەسەر چیای شنگال مانەوە و رێگەیان نەدا دەستی تیرۆریستان بە چیای شنگال بگات، سڵاو بۆ وەفا و ئازایەتیی هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كە بۆ شكاندنی ئابڵوقەی چیای شنگال و ئازادكردنی شاری شنگال خوێنیان بەخشی و ئەفسانەی داعشیان تێكشكاند. هەروەها پڕ بە دڵ سوپاسگوزاریی خۆمان ئاڕاستەی هەموو تاکێکی سەربەرزی کوردستان دەکەین، کە وەک یەک جەستە هاوسۆز و هاوخەمی خوشک و برایانی ئێزیدی بوون، لەگەڵ رێز و سوپاسی زۆرمان بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان کە رۆڵی دیاریان بینی لە یارمەتیدانی پێشمەرگە و پاشەکشەپێکردن و تێکشکاندنی تیرۆریستاندا.
لە یادی ئەو كارەساتەدا بۆ خوشك و برایانی ئێزیدی، دووپاتی دەكەمەوە كە بە هەموو توانایەك پشتیوانی خواست و داواكارییەكانیانم. داواشیان لێ دەكەم لەپێناو مسۆگەركردنی دواڕۆژی گەش، لەناو خۆیاندا یەكڕیز بن و هیوایان بە پاشەڕۆژ هەبێت. بێگومان، ئەو دۆخە سەپێنراو و نائاساییەی لە شنگالدا هەیە، تا سەر نابێت و دەبێت خوشک و برا ئێزیدییەکانمان بە سەربەرزییەوە بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان و قەرەبووی زیان و ئازارەكانیان بكرێت.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شنگال و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان
مەسعود بارزانی
3ی ئابی 2026


