رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆککۆماری سووریا سەردانی دیمەشق دەکات.
لە راگەیێندراوێکدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 03-08-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتى فەرمیی ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆککۆماری سووریا سەردانی دیمەشق دەکات.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە سەردانەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی سووریا کۆدەبێتەوە و پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاسۆکانی هاريکاریی هاوبەش و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن.
لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ دیمەشق، ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی سووریا (سانا) ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 02-08-2026 بڵاویکردەوە، ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پەیوەندییە بەردەوامەکانی نێوان هەردوولادایە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و دۆزینەوەی رێگەی نوێی کارکردن کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، ئەمە یەکەمین سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بۆ سووریا و بڕیارە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و دیمەشق و دۆخی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ئەحمەد شەرع تاوتوێ بکات.
ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سووریا، دوای هەوڵی ناوبژیوانی و دەستپێشخەرییەکانی دێت بۆ کۆتاییهاتن بە شەڕ و پێکدادانەکان و بەردەوامی هێرشەکانی هێزەکانی سووریا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی لە دیدارەکانیدا هەمیشە جەخت لەسەر گرنگیی بەشداریکردنی کورد لە تەواوی دامەزراوە سیاسی، تەشریعی و کارگێڕییەکانی سووریای نوێ کردووەتەوە.
لە چوارچێوەی ئەم هەوڵانە، نێچیرڤان بارزانی چەندینجار میواندارێتی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و شاندەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریای کردووە.
بۆ یەکەمین جار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتاڵیا لە 11/4/2025 لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە.
دووەمین کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەحمەد شەرع لە 17/4/2026 لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتاڵیا بووە، کە بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا؛ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و رێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی لەگەڵ ئەحمەد شەرع تاوتوێ کردووە.


